Plus4
پێش ٢ ساڵ
لهماوهی تەنها ساڵێكدا ژمارەی دانیشتوانی عێراق زیاتر لە ملیۆنێك زیادیكردووە، شارەزایانی ئابوری بەمەترسی دەزانن، حكومەتیش پێی وایە بابەتێكی سروشتیە چونكە 20 ملیۆن عێراقی لەتەمەنی زاوو زێدان.
بەپێی دوایین ئاماری حكومەتی عێراق، ساڵی 2021 ژمارەی دانیشتوانی وەڵاتەكە 41 ملیۆن و 190 هەزار كەس بوە، لەكاتێكدا ساڵی پێشتر واتا 2020 ژمارەی دانیشتوان 40 ملیۆن و 150 هەزار كەس بوە.
نۆ ساڵی تر ژمارەی دانیشتوانی عێراق دەگاتە 50 ملیۆن كهس
بەپێی خەمڵاندنەكانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، بۆ ساڵی 2030 ژمارەی دانیشتوانی وەڵاتەكە دەگاتە 50 ملیۆن و 200 هەزار كەس.
پێشبینیەكە ترسی لای توێژەرانی كاروباری ئابوری دروستكردووە بەتایبەت كە زیادبونی ژمارەی دانیشتووان بەو رێژەیە بەمەترسی ناودەبەن بەو پێیەی كاریگەری خراپی لەسەر ئابوری و دۆخی بژێوی دانیشتوانەكەی دەبێت.
هۆكاری ترسی شارەزایانی ئابورییش دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئابوری وەڵاتەكە كە بەتەواوەتی پشتی بە فرۆشتنی نەوت بەستووە وەك تاكە سەرچاوەی داهات و دابینكردنی خەرجیەكانی حكومەت، لەو لایشەوە ژێرخانی ئابوری بەهۆی ناسەقامگیری ئەمنی و جەنگەوه بهتهواوهتی خاپوربوه" بهتایبهت كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵ بەتەواوەتی پەراوێزخراون.
له 1997وه هیچ سهرژمێریهكی فهرمی لهعێراق ئهنجام نهدراوه
ئەگەرچی وەزارەتی پلاندانان ناو بەناو ئاماری دانیشتوانی عێراق بڵاودەكاتەوە بەڵام هیچ داتایەكی فەرمی لەبەردەم حكومەتدا نیە بەو پێیەی لەساڵی 1997وە سەرژمێری ئەنجام نەدراوە.
بەدرێژایی 15 ساڵی رابردوو هێزە سیاسییەكان لەسەر سەرژمێری رێكنەكەوتوون كە بنەمای سەرەكی دارشتنی هێڵه گشتیەكان و دابەشكردنی سەروەت و سامانی وەڵاتەكەیە.
دیارترین بەربەستەكانی بەردەم سەرژمێری، ناكۆكی نێوان بەغدا و هەرێمە لەسەر كەركوك و ناوچە دابڕاوەكانی دیكە.
20 ملیۆن هاوڵاتی عێراقی توانای خستنهوهی منداڵیان ههیه
عەبدولزەهرە هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لەمەترسییەكانی زیادبونی ژمارەی دانیشتوان كەمدەكاتەوە و دەڵێت: 20 ملیۆن هاوڵاتی عێراقی تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 50 ساڵە و لەقۆناغی خستنهوهی منداڵدان، بۆیە بەرزبونەوەی ژمارەی دانیشتوان بۆ 41 ملیۆن كهس لەساڵێكدا بابەتێكی ئاساییە.
ئەوەشدەخاتەروو، وەزارەتەكەیان پلانی لەبارەی زیادبونی ژمارەی دانیشتوان داناوە و لەتوانای سیستمی پەروەردە و تەندروستیدایە خزمەتگوزاریەكانیان بۆ دابینبكات.
پسپۆرێكی ئابوری: زیادبونی ژمارهی دانیشتووان دهبێته هۆی گهشهی ئابوری بهڵام ئهگهر حكومهت كاری بۆ بكات
رێژەی بێ كاری لەعێراق 27% و هەژاریش 31.7% بەپێی ئەو ئامارانەی وەزارەتی پلاندانان بڵاویكردووەتەوە.
ئەحمەد سەدام پسپۆری ئابوری دەڵێت: " بەرزبونەوەی رێژەی دانیشتوان دەتوانێت ببێتە هۆكاری زیادبونەوەی گەشەی ئابوری بەڵام بەمەرجێك هەموو میكانیزمەكانی پاڵپشت لەپێناو گۆڕینی بۆ وزەی ئابوری بەردەست بێت تاوەكو نهبێته بارگرانی.
دەشڵێت، زیادبونی ژمارەی دانیشتوان پێویستی بەرەخساندنی شوێنی نیشتەجێبونە كە لەئێستادا عێراق پێویستی به 4 بۆ 5 ملیۆن یهكهی نیشتەجێبونه، هەروەها خواستیش لهسهر مەوادی خۆراكی زیاتردهبێت.. ئەگەر كەرتی كشتوكاڵ كارا نەكرێتەوە ئەوە بارگرانی گەورە لەسەر بودجەی گشتی دروست دەبێت و كەلوپەلیش لەبازاڕەكاندا گران دەبێت.