ميمن الحمداني
plus4
پێش ساڵێک

خەنجەرو موهەیمەن حەمدانی لای مەسعود بارزانی بون

#ئاژانسی_هەواڵی_plus4

رۆژی یەکشەممە 14ی کانونی دووەم، ژمارەیەک لەسەرکردەکانی عەرەبی سونەو تورکمانی کەرکوک لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبونەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی plus4، کۆبونەوەکە لەسەری رەش بەنهێنی و دوور لەمیدیا ئەنجامدراوە، خەمیس خەنجەر سەرۆکی سیادەو پەرلەمانتار موهەیمەن حەمدانی و هەیبەت حەلبوسی بەشداربونە.

ئەگەرچی دوێنێ راکان جبوری بەبیانوی نەخۆشی دەوامی نەکردووە بەڵام هێشتا نازانرێت لەکۆبونەوەکەدا بەشداربوە یاخود نا.

چەند سەرچاوەیەک باس لەئامادەبونی سەرکردەکانی جەبهەی تورکمانیش دەکەن لەکۆبونەوەکەدا کە تێیدا باس لەپێکهێنانی ئیدارەی نوێی پارێزگای کەرکوک کراوە.

بەفەرمی تاوەکو ئێستا هیچ راگەیاندراوێک لەبارەی کۆبونەوەکەوە نییەو تەنانەت بارەگای بارزانیش باسی نەکردووە.

بەڵام موهەیمەن حەمدانی ستۆرییەکی کردووە کە لەبەردەستی plus4دا و دەردەکەوێت لەسەری رەشە.

درەنگانی شەوی رابردوو سەرکردەکان گەیشتوونەتە کەرکوک و بەرەو هەولێر بەرێکەوتوون.

لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، ئەمە دووەم جارە خەمیس خەنجەر سەردانی بارزانی بکات.

پێشتر کاندیدێکی براوەی هاوپەیمانی قیادە لەکەرکوک لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاشکرایکرد کە تێڕوانینی سیاسیان لەگەڵ تورکمان و پارتی لەیەکەوە نزیکەو بەیەکەوە ئیدارەی نوێی کەرکوک پێکدەهێنن.

بەڵام دواتر محەمەد کەمال بەرپرسی لقی کەرکوکی پارتی بۆ میدیاکاران ئەو بابەتەی رەتکردەوەو وتی:" تەنها لەمیدیاکانەوە بیستووێتی."

بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، یەکێتی 5 کورسی، پارتی 2 کورسی، تحالف عەرەبی 3 کورسی، قیادە 2 کورسی، عروبە 1 کورسی و جبهەی تورکمانی 2 کورسیان بەدەستهێنا و کورسیی مەسیحییەکەش بابلیون بەدەستیهێناوە.

بەپێی ئەنجامەکان هیچ لایەنێک بەبێ رێککەوتن و بەشداری پێکهاتەکان ناتوانێت ئیدارەی نوێ پێکبهێنێت.