التون سراي
plus4
پێش ٢ ساڵ

 

بەڕێوەبەری هەواڵگری كەركوك وتی " ئێمە لەژێر سایەی ئاڵای عێراقدا كۆبوینەتەوە و جگە لەعەرەبی، قسەكردن بەزمانی تر رێگاپێدراو نیە ."
 

رۆژی چوارشەممە ( 6-4-2022 ) هەموو موختارەكانی كەركوك بانگهێشت كراون بۆ كۆبونەوەیەكی گرنگ.
 

یەكێك لەموختارەكان كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە plus4ی راگەیاند: كۆبونەوەكە سەعات نۆی شەو لە هۆڵێكی هوتێل ( ئاڵتون سەرای )ی گەڕەكی تسعین دەستیپێكرد و تا 12ی ئەو شەوە بەردەوام بوو.
 

وتیشی، ( عەمید محەمەد جبوری) بەڕێوبەری هەواڵگری كەركوك و ئەفسەرێكی دیكە لە ئەمنی نیشتیمانی سەرپەرشتی كۆبونەوەكەیان دەكرد.
 

بەوتەی ئەو موختارە، لەنێو ئەو گفتوگۆیەی لەكۆبونەوەكەدا ئەنجامدرا، یەكێك لەموختارەكانی گەڕەكی كوردستان ( فەیلەق ) دەستیكرد بە قسەكردن بەڵام بە كوردی قسەی كرد، لەلایەن بەڕێوەبەری هەواڵگریەوە داواكرا بە عەرەبی قسە بكات.. ئەویش وتی تەنها بەكوردی دەتوانم بۆچونەكانم بخەمەڕوو.
 

بەڕێوەبەری هەواڵگری لەوەڵامدا وتی " هەموومان لەژێر سایەی ئاڵای عێراقداین لەم هۆڵە بۆیە جگە لەعەرەبی، رێگا نادرێت كەس بەزمانی دیكە قسە بكات... هەر ئەوەندەی وای وت، ئیدی لەهەموو لایەكەوە لەلایەن موختارە عەرەب و توركمانەكانەوە چەپڵە لێدرا " موختارەكە وای وت.

 

plus4 هەوڵیدا قسە لەگەڵ ئەو موختارەدا بكات كە لەلایەن بەڕێوەبەری هەواڵگریەوە رێگەی پێنەدراوە بەكوردی قسە بكات، بەڵام ناوبراو بەهۆی پیشەكەیەوە ئامادەنەبوو قسە بكات.
 

زیاتر لە موختارێك ئەو بابەتەیان بۆ plus4 راستكردووەتەوە، تەنانەت دوای كۆبونەوەكە هەمویان چونەتە لای بەڕێوەبەری هەواڵگری و رەخنەیان لێی گرتووە بەو پێیەی پێشتر رێزی زۆریان لێگرتووە، ناوبراو وتوێتی مەبەستم ئەوەبووە هیچ یەكێك لەبەرپرسە ئەمنیەكان لەهۆڵەكەدا لەكوردی تێناگەن بۆیە باشترە بەعەرەبی قسە بكەن.
 

بەپێی ماددەی چواری دەستوری عێراق،زمانی كوردی لەپاڵ زمانی عەرەبیدا دوو زمانی فەرمی عێراقن.
 

بەڵام لەدوای ساڵی 2017 و لاوازبونی دەسەڵاتی كورد لەكەركوك، زمانی كوردی لەزۆربەی فەرمانگەكان هەڵگیرا و پێشتریش رێگە نەدرا فەرماندەی پێشوتری پۆلیسی كەركوك بەكوردی قسە بكات.. دواتر بیانوو بۆ ریگریەكە بەهەمان شێوە ئەوەبوو كە فەرماندە عێراقیەكان لەكوردی تێناگەن.