توندووتيزى بياوان
PLUS4
پێش 10 مانگ

لەساڵی 2023، لەهەرێمی کوردستان (619) حاڵەتی توندوتیژی بەرامبەر بەپیاوان تۆمارکراون و حاڵەتەکان تادێت ڕوو لەزیادبوونن.

لەساڵی 2023 دا، 619 سکاڵاو حاڵەتی توندوتیژی دژی پیاوان تۆمارکراون و 67 حاڵەتی خۆکوشتنی پیاوانیش هەبوون، هەشت پیاو لەلایەن هاوسەر یا کەسوکاری منداڵەکانیانەوە کوژراون.

 

بورهان عەلی؛ سه‌رۆكی یەکێتی پیاوانی کوردستان لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لەساڵی ڕابردوودا، 17 حاڵەتی فشاری دەروونیی سێکسی لەدژی پیاوان هه‌بوون، وێڕای بوونی 51 حاڵه‌تی ده‌ركردنی پیاوان له‌لایه‌ن هاوسه‌رانیان له‌ماڵه‌كانیان.

 

یەکێتی پیاوان ئاشکرایکرد کە لەکۆی ئەو ژمارەیەی توندوتیژی، 49 پیاوی بەتەمەن لەماڵەوە دەرکراون و 51 خیانەتی هاوسەری تۆمارکراون.

 

بەپێی ئامارەکە، 12 حاڵەتی توندتوتیژیی جەستەیی بەرامبەر بەپیاوان تۆمارکراون، جگە لە 9 حاڵەتی بوونی دەستبەسەرداگرتنی مووچەی پیاوان لەلایەن هاوسەرەکانیان و 229 حاڵەتی دەستتێوەردانی کەسوکاری ژنانیش لەژیانی خێزانەکان هەبوون.

 

هەر بەپێی ئامارەکە، 216 حاڵەت هەبوون کە پیاوان بێبەشکراون لەبینینى منداڵەکانیان و 18 حاڵەتى هەڕەشەى میدیایی و ئەلیکترۆنى و ناو زڕاندنیش هەبوون، 11 حاڵەتیش هەبوون کە پیاوان لەموڵک و ماڵیان بێبەشکراون، جگە لەبوونی 7 حاڵەتی ڕێگری لەمنداڵبوون و خستنەوەی وەچە.

 

لەکۆی ئەو 67 حاڵەتی خۆکوشتنەی پیاوان کە لەساڵی 2023دا لەهەرێمی کوردستان تۆمارکران 5 حاڵەتیان لەپارێزگای کەرکوک بوون و حاڵەتەکانیش بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکاندا دابەشبوون:

 

- پارێزگای کەرکووک 5 حاڵەت

- پارێزگای هەولێر 25 حاڵەت

- پارێزگای سلێمانی 26 حاڵەت

- پارێزگای دهۆک 9 حاڵەت

- پارێزگای هەڵەبجە 2 حاڵەت