سوپای عێراق
plus4
پێش 10 مانگ

دوای هەواڵێکی plus4، بەهەوڵی فراکسیۆنی یەکێتیی نشتیمانی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق، هەوڵی چۆڵکردنی گەڕەکی نەورۆز راگیرا.

پەرلەمانتار دیلان غەفور بە plus4ی راگەیاند: بەهەوڵی فراکسیۆنی یەکێتیی توانرا پرسی چۆڵکردنی گەڕەکی نەورۆز بۆ دوای پێکهێنانی حکومەتی خۆجەیی دوابخرێت تاوەکو چارەسەرێک دەدۆزرێتەوە.

وتیشی، بڕیاردراوە هێزەکەی سوپا بکشێتەوە تا ئەو کاتەی کێشەکە چارەسەر دەکرێت.

ئەمڕۆ هێزێکی سوپای عێراق چونە سەر گەڕەکی نەورۆز و داوای چۆڵکردنی خانۆکانیان کرد.

لەو بارەیەوە پەرلەمانتار سەباح حەبیب بە plus4ی راگەیاند: خاوەندارێتی ئەو خانوانە بۆ وەزارەتی بەرگری دەگەڕێتەوەو سکاڵایەکیان بۆ وەرگرتنەوەی بردووەتەوەو فشار دەکەن بۆ چۆڵکردنی.

وتیشی، وەک پەرلەمانتارانی یەکێتی لەگەڵ خالید شوانی وەزیری داد لەسەر خەتین تاوەکو چارەسەرێک بدۆزرێتەوە.

هەر ئەمڕۆ دوای چونی هێزێکی سوپای عێراق و قایمقامی کەرکوک بەوەکالەت بۆ گەڕەکەکە، گەیلان قادر ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لەگەڵ راکان جبوری کۆبوەوە.

لەبارەی کۆبونەوەکەوە، پەرلەمانتار گەیلان قادر بۆ plus4 ئاشکرایکرد کە لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکان و پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوک لەسەر ئەو پرسە کۆبونەتەوە.

وتیشی، چونی ئەو هێزە بۆ سەر گەڕەکەکە بەفەرمانی سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق بوە و دەستیان بەسەر ئەو خانوانەدا گرتووە کە چۆڵن.

گەڕەکی نەورۆز لە 120 خانوو پێکدێت لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە لەلایەن ئەو خێزانە کوردانەوە پڕکراوەتەوە کە پێشتر حکومەتی بەعسەوە لەکەرکوک راگوێزراون.