plus4
پێش 10 مانگ
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەی ساڵی نوێوە پەیامێک بڵاوکردەوەو پیرۆزبایی لەھاوڵاتییانی عێراق و خەڵکی کوردستان دەکات و دەڵێت، ھیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی یەکڕیزی، پێکەوەیی و ھەنگاونان بێت بەرەو ئاوەدانی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی شایستە بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان.
دەقی پەیامەکە ..
بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زاینییەوە، پیرۆزباییەكی گەرم لە هاوڵاتییانی عێراق و خەڵكی خۆشەویستی كوردستان دەكەم و هیوای دڵخۆشی و كامەرانییان بۆ دەخوازم.
هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی یەكڕیزی، پێكەوەیی و هەنگاونان بێت بەرەو ئاوەدانی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی شایستە بۆ خەڵكە خۆشەویستەكەمان. هەموومان بە رۆحێكی نیشتمانی و بەرپرسیارانەوە كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بكەین و هەوڵەكانمان بۆ بەهێزتركردنی قەوارەی هەرێم، كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و چارەسەركردنی كێشەی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران بخەینەگەڕ.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئامادەی هەموو جۆرە دەستپێشخەرییەكە لەپێناو خزمەتكردنی كوردستان و خەڵكە خۆشەویستەكەی، خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین بەرامبەر خاك و خەڵكەكەمان و خزمەتكردنیان بە ئەركی خۆمان دەزانین. لەپێناو بەدیهێنانی مافە یاسایی و دەستوورییەكانمان هەوڵدەدەین و گەیشتن بە داهاتوویەكی سەقامگیرتر و پرشنگدارتر بە ئامانجی خۆمان دەزانین.
دووبارە ساڵی نوێتان پیرۆزبێت و هەر شادو سەرفرازبن
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان