plus4
پێش 11 مانگ
بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم شۆڕش ئیسماعیل گەڕایەوە بۆ ئەرکەکەی وەک وەزیری پێشمەرگە.
بەبۆنەی گەڕاندنەوەی ، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، لە کۆبوونەوەیەکدا کە ئەمڕۆ ٢٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣، لە دیوانی وەزارەت، بە ئامادەبوونی بریکاری وەزیر و سەرۆکی دەستەی ئەرکان و ئەمینداری گشتی و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی پلەباڵای وەزارەت بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کە دەبێت گلەیی و ناکۆکییەکان وەلابنرێت و پێکەوە وەک یەک تیم کار بکەن.
وتیشی: ئاساییە ناکۆکی هەبێت لەنێوان لایەنە سیاسییەکان بەڵام بەهیچ شێوەیەک نابێت ئەو ناکۆکییانە لەناو وەزارەت رەنگ بداتەوە، ئەفسەران و پلەباڵاکانی وەزارەت دەبێت وەک یەک تیم بە شێوەیەکی پیشەییانە پێکەوە کاربکەن.
جێگری سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بە گرنگیی جێبەجێکردنی خاڵەکانی پرۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد، و رایگەیاند؛ هاوکاری و هەماهەنگی هاوپەیمانان بەرز دەنرخێنین و بۆ لەمەولا نابێت پرۆسەی چاکسازی بە خاوی و لاوازی بەڕێوەبچێت.
داواشیکرد ئەفسەران و پلەباڵاکانی وەزارەت بە روحی هەست کردن بە ئەرکی نیشتمانی کار بکەن لەپێناو جێبەجێ کردنی هەموو خاڵەکانی چاکسازی.