plus4
پێش 11 مانگ
ونەرمەندی گۆرانیبێژی ناسراوی كورد تاهیری خەلیلی لەسلێمانی لەنێو ماڵەکەی خۆیدا گیانی لەدەستدا.
تاهیری خەلیلی یەکێکە لەهونەرمەندە دیارەکانی شاری بۆکان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ساڵانێکی زۆرە لەشارەکەی خۆی دوورە، ساڵانێکیش لەئەوروپا ژیاوەو ماوەی چەند ساڵانێکیشە گەڕاوەتەوە کوردستان، بەر لەکۆچی دوایی، لەگەڕەكی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی نیشتەجێبوو، هەر لەوێشدا کۆچی دواییکرد
هونەرمەند تاهیری خەلیلی خاوەنی چەندین گۆرانیی بەناوبانگە کە سەردەمانێک وێردی سەر زاری گەورەو بچووک بوو، بەتایبەت گۆرانییەکانی (لەقەندیلی سەربەرزەوە، شیرین شیرین، شەوی تاریک و بێدەنگی)و دەیان گۆرانیی تر کە سەردەمانێک جۆشی شۆڕشیان دەدا.
تاهیری خەلیلی لەساڵی 1956 لەشاری بۆکانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایکبووە، یەكەم بەرهەمی هونەری لەتەمەنی 15 ساڵیدا بڵاوكردووەتەوە، دەنگدانەوەی بەرهەمەكەی بوو بەهۆی ئەوەی ڕاگەیاندنە کوردییەکانی ئەوکاتی ئێران بۆ وتووێژ بانگی بکەن، چەند بەرهەمێکیشی لە تەلەفزیۆنی مەهاباد تۆمارکردووە لەوانە، (دەنگ و ڕەنگ، شەوی تاریک و بێدەنگی، گوڵی مەهابادو کیژۆڵەی کوردستان).
تاهیری خەلیلی خاوەنی زیاتر لە 50 گۆرانی و سروودی نەتەوەییەو بەتایبەتیش بەسروودی "لە قەندیلی سەربەرزەوە" ناوبانگی دەرکرد.