plus4
پێش 11 مانگ
سڵاوی سەرکەوتنی هاوپەیمانیی (کەرکوک هێز و ئیرادەمانە) لە ئێوەی خۆشەویست دەکەم.
خۆشەویستان
هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە، هاوپەیمانیی رەسەنی شاری کەرکووک و کەرکووکییە سەربەرزەکانە بە هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانییەوە. بەرنەماکەشمان لەپێناو قووڵکردنەوەی ئەو تەبایی، پێکەوەژیان و ئاوەدانکردنەوەی شارە خۆشەویستەکەدایە.
ئێمە هەمیشە باوەڕی تەواومان بە هاوبەشیی و کاری پێکەوەیی هەبووە، ئەقڵییەتی خۆفەرزکردنمان لە بڕیار و بەڕێوەبردندا رەتکردووەتەوە و ویستوومانە هەموومان پێکەوە خزمەتی کەرکووکی قودسی کوردستان بکەین. ئێستاش هاوپەیمانیی کەرکووک هێز و ئیرادەمانە، کۆتایی بەو سەردەمە دەهێنێت و چیتر بڕیار بۆ کەرکووکییەکان نادرێت، بەڵکو خۆیان بڕیاردەر دەبن، چارەنووسی خۆیان هەڵدەبژێرن و شەڕ لەپێناو مافەکانیان دەکەن.
ئێمە مێژوویەکی درێژمان لەگەڵ خۆڕاگری و قارەمانێتیی کەرکووکییە سەربەرزەکان هەیە، بۆیە دڵنیام ئێستاش بە هەمان ئیرادە و رۆحییەتەوە، بەرەو سندووقەکانی دەنگدان دەچن و ژمارە ١٤٢ی هاوپەیمانییەکەی خۆتان هەڵدەبژێرن، وە دەیسەلمێنن ئێوەن شەڕە راستەقینەکە بۆ کەرکووک دەکەن و لە قەڵا دێرینەکەی خۆتانەوە مژدەی سەرکەوتن بەگوێی هەموواندا دەدەن.
ئێمە کەرکووکمان لە دڵماندا هەڵگرتووە، کەرکووک هێڵە سوورەکەی ژیانی سیاسی و حزبیمانە، وەکچۆن لەرابردوودا خوێنمان بۆ رشت، لە داهاتووشدا هەر خۆمان پارێزەرە دڵسۆز و راستەقینەکەی دەبین. پێکەوە لەگەڵ ئێوەی دڵسۆز رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان دەبینەوە و بەرامبەر مەترسییەکان دەوەستینەوە، تەعریب ریشەکێش دەکەین و خەونی بەدینەهاتووی دوژمنانی کەرکووک لەباردەبەین. بۆ ئەمەش پێویستە دەنگ بە هاوپەیمانیی کەرکووک هێز و ئیرادەمانە بدەن و قەڵغانێکی پتەوبن بۆ پاراستنی ئەو ئاشتی و پێکەوەژیانەی سەرۆک مام جەلال بناغەدانەری بوو و ئێمەش درێژەپێدەری دەبین.