PLUS4
پێش ساڵێک
پەیامی ئاسۆ مامەند سەرۆکی قەوارەی (هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە)
- هەموومان بە یەکەوە دەست لەناو دەست بەرەو سەرکەوتن و پتەوکردنی یەكێتیی ریزەكانی میللەتەكەمان، بەرەو گۆڕانكاری و بەدەستهێنانەوەی مافە دەستوری و یاساییەکانمان لە کەرکوکی قودسی کوردستان دوای حەڤدە ساڵ جارێکی تر بەرەو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک هەنگاو دەنێین.
- هاوپەیمانی کەرکوک تایتڵی بە یەکەوە كاركردنەمانە بۆ بەهێزترکردنی ئیرادەی لە بن نەهاتووی نەتەوەکەمان لە کەرکوکی کوردستانیی، لە رێگەی ئەم هاوپەیمانییەوە؛ بەرەو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، و گێڕانەوەی ماف و خواستە شەرعی و یاساییەکانمان هەنگاو دەنێین کە لە دەستوری هەمیشەییدا دەستەبەرکراوە.
- کەرکوکییە ئازیزەکان.. پشت ئەستوور بە ئیرادەی پۆڵایینی ئێوەی خۆڕاگر، بێ نەسرەوتن و دوور لە موزایەدە و بەڵێنی بێ کردار، وەک چۆن لە رابردوودا لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک سەلماندمان کە پارێزەر و داکۆکیکارێکی سەرسەختی خواست و مافە رەواکانتان بوین.
- بەڵێن دەدەین کە بەو گیان و باوەڕەوە لە گەڕی دووەمی دەستبەکاربوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بێ سڵەمینەوە شەڕی دیمۆکراسی لەسەر ماف و خواستە یاسایی و دەستورییەکانتان بکەین، و رێگە بە هیچ کەس و لایەنێک نەدەین لە ژێر هیچ پاساو و بارودۆخێکدا مافە نەتەوەییەکانی میللەتەکەمان پێشێل بکات.
- بۆ ئەوەی لە رێگەی دیمۆکراسییەوە بتوانیین بەرگری لە ناسنامەی نەتەوایەتیی خۆمان بکەین، و کەرکوکێکی ئاوەدان و سەقامگیر بونیاد بنێین، و دەستی ئاوەدانی و دوور لە جیاکاری نەتەوەیی بگەیەنینە هەموو ناوچەکانی پارێزگاکە بەبێ جیاوازیی، پێویستە هەموو کەرکوکییەکی دڵسۆز و پەرۆش و کوردپەروەر؛ بێ چەند و چوون بەرەو سندوقەکانی دەنگدان بڕوات و دەنگ بە کاندیدانی لیستی (هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە) بدات.
- خۆتان دەزانن چ نادادپەروەرییەک بەرامبەر بە کوردی کەرکوک ئەنجام دەدرێت، هەر لە پەراوێزخستنی لە ئیدارەدانی پارێزگاکە تا ئەوەی تەنانەت کەمترین پشکی لە دامەزراندنیش پێ رەوا نەبینن، لە بەرامبەردا نەتەوەیەکی تر بە سەر ئیرادەی نەتەوەکەمان لە پارێزگاکە زاڵ دەکرێت، و دەرچووان و گەنجانی کورد لە مافی دامەزراندن و پێدانی هەلی کار بێ بەش دەکەن!.
- پرسی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانیش، بەشێکی دیکەی ئەو دۆسییانەیە کە کاندیدانی (هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە) لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک شەڕی سیاسی و دیمۆکراسی لەسەر دەکەن، و ناهێڵن ئەم دۆخە عەسکەرتارییەتە لەمە زیاتر درێژە بکێشێت، چونکە کەرکوک بە گوێرەی مادەی (١٤٠)ی دەستور، دۆخێکی تایبەتی هەیە و نابێت دەستوەردانی عەسکەری و سیاسی و ئیداریی تێدا بکرێت، بە پێچەوانەوە دەبێت ئاسایی بکرێتەوە.
- لەم وێستگە مێژووییەدا کە ئێجگار گرینگ و چارەنووسسازە بۆ نەتەوەکەمان و یەکلاکردنەوەی داهاتووی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، هەروا بۆ ئەوەی روحی شەهیدان، و رەوانشاد سەرۆك مام جەلال شاد و ئاسودە بن، دەبێت لە رۆژی ١٨-١٢دا دەنگ بە کاندیدانی لیستی (هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە) بدەن، لەو رۆژەدا بە دەنگەکانتان دووبارە کوردستانیی بوونی کەرکوک بسەلمێنن وەک چۆن لە رابردوودا ئەو راستییەتان بۆ دۆست و نەیارانی کورد سەلماند.