PLUS4
پێش ساڵێک
ئەمڕۆ چوارشەممە 10/25، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە.
ئاماژە بەوە درا لە کۆبوونەوەکەی لێژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران، شاندی هەرێم بە ڕاپۆرتێکی 30 لاپەڕەیی و بە ژمارە و داتای دروست، وەڵامی سەرجەم پرسیارەکانی تایبەت بە بودجەی هەرێمى دایەوە لەبارەی داهات وخەرجییەکان و نەوت و دەروازە سنووريیەکان و پرۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵی و هەرێم و میلاکیی گشتی و مووچە.
ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری و شاندی دانوستانکاری ڕاسپارد لە پەیوەندی بەردەوامدا بن لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ، بۆ بەرجەستەکردنی ئەو بنەمایانەی لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 10/18 ی لیژنە دارایی هەموولایەک لەسەری کۆک بوون، بەتایبەتیش جیاکردنەوەی تەرخانکراوەکانی مووچەی هەرێم لە پێوەری خەرجیى ڕاستەقینە، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراقی فیدڕاڵ و هەموارکردنەوەی ماددەکانی پەیوەندیدار بەم بابەتە لە یاسای بودجە.
ئەنجومەنی وەزیران وێرای پشتیوانی لە پرۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریى دارایی دەکات، بە ئاراستەی خستنەڕووی ڕاستیيەکان و دڵنیاکردنەوەی هەموو لایەک کە هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە شەفافانە، هەموو زانیاری و ژمارەکان دەخاتەڕوو و هیچی نیە بیشارێتەوە.
ئەم پرۆسەیە هەر لەو پێناوەدایە کە هەموو لایەک لە ڕاست و دروستی داتا و زانیاری و ژمارەکان دڵنیا ببنەوە و هیچ بیانوویەک بۆ حکومەتی فیدراڵ نەهێڵرێتەوە کە بەربەست دروست بکەن لە خەرجکردنی شایستەداراییەکانی هەرێم.
ئەنجومەنی وەزیران گشت وەزارەت و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی ڕاسپارد بەردەوام بن لە هەماهەنگی و هاوکاریی دیوانی چاودێریی دارایی و کارئاسانی بۆ دەستە هاوبەشەکانی وردبینیان و وەرگرتنی ڕێکاری پێویست بۆ تێبینی و سەرنجی تەکنیکی ژمێریاری و دارایی تاوەکوو هیچ بیانوویەک بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نەهێڵرێتەوە.
ئیتر ئەرکی حكومەتی فیدراڵ و بە تایبەتی وەزارەت داراییە، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش لە کاتی خۆی بنێرێت کە شایستەی قانونیی مووچەخۆرانە.