کاندیدانی یەکێتی
plus4
پێش ساڵێک

ئەمڕۆ دووشەممە 23/10/2023 دەستەی لێپرسینەوەو دادپەروەری عێراق، نوسراوێکی بەژمارە (خ/2427) ئاراستەی نوسینگەی نشتیمانی هۆبەی کاندیدان لەکۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کردووە و ناوی 19 کاندیدی بۆ ئاراستە کردوون و ئاگاداریان دەکاتەوە کە رێوشوێنەکانی یاسای دەستەی لێپرسینەوەو دادپەروەری ژمارە 10 بۆ ساڵی 2008 نایانگرێتەوە.

لەنێو ئەو ناوانەی ئاماژەی پێکراوە ( نەشئەت شاهوێز خورشید عەلی ) کاندیدی ژمارە 3 لەلیستی هاوپەیمانی کەرکوک هێزو ئیرادەمانە .

پێشتر ئاژانسی هەواڵی plus4 بڵاویکردەوە، بەنوسراوی دادگەی باڵای فیدرالی سەلمێندرا کە نەشئەت شاهوێز ئەو یاسایە نایگرێتەوە و بەوەش هەوڵی دوورخستنەوەی لەکێبڕکێی هەڵبژاردنەکان هەڵوەشێندرایەوە.

هەر لەنێو ئەو لیستەی کۆمسیۆندا، بەهەمان شێوە ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە (دڵدار عەبدوڵا زێباری) سەرۆکی لیستی یەکێتی لە نەینەوا ئەو یاسایە نایگرێتەوە.

سەرچاوەیەک لەیەکێتی نشتیمانی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هەوڵی دوورخستنەوەی ئەو دوو کاندیدە بەهێزەی لیستەکانیان لەکەرکوک و نەینەوا سیاسیی بوەو بەبەڵگە و بڕیاری دادگەی باڵای فیدرالی پوچەڵکراوەتەوە.