PLUS4
پێش ساڵێک
ئەمڕۆ هێزێکی سوپای عێراق چونە نێو سەربازگە کۆنەکەی گوندی تۆپزاوا و دەیانەوێت بیکەنەوە سەربازگە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی plus4 جوڵەپێکردنی هێزەکەی ئەمڕۆ بۆ تۆپزاوا لەکۆبونەوەکەی دوێنێ شەممەی نێو بارەگەی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوک بڕیاری لێدراوە.
کۆبونەوەکە بەبەشداری سەرۆک ئەرکانی سوپاو جێگری فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان و فەرماندەی هێزی زەمینی عێراق ئەنجامدراوە.
هەر بەپێی ئەو زانیاریانە، چۆڵکردنی بارەگەکەی پارتی لە شۆراو بەهێزەکانی عێراق دراوە و شوێنی نوێی بارەگەی سەربازییەکەش دیاریکراوە کە خانۆکەی عەلی حەسەن مەجیدە لە"تەپەی جڵەو" کە ئێستا بارەگەی فیرقەی 11ی سوپایە.
بەو پێیەش بارەگەی فیرقەی 11 دەگوازرێتەوە شوێنێکی تر، ئەوانیش چاویان بڕیوەتە سەربازگەکەی تۆپزاوا کە کورد وەک هێمای ئەنفالکردنی هاوڵاتیان لەساڵی 1988 تەماشای دەکات و دەیەوێت بکرێتە مۆنۆمێنێت.
پێشتریش چەند جارێک هێزەکانی عێراق هەوڵیانداوە دەست بەسەر ئەو سەربازگەیەدا بگرن بەڵام بەهەوڵی خالید شوانی وەزیری دادی عێراق هەڵوەشاوەتەوە.
لەئێستادا خەڵکی گوندەکە ناڕازین و ئەمڕۆیش بەهۆی رێگریان لەهێزەکەی سوپا، گرژی و ئاڵۆزی رویدا.
ئاسۆ مامەند ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی بە plus4ی راگەیاند: بەرپرسانی یەکێتی لەسەر هێڵن بۆ ئەو پرسەو لەگەڵ وەزیری بەرگری عێراق قسەیان کردووەو بۆ ماوەی 24کاتژمێر پرۆسەکە راگیراوە تاوەکو شوێنێکی تر دابیندەکرێت.
بەڵام بەوتەی خەڵکی گوندەکە، هێزەکان بەردەوامن لەکارکردن و هەڕەشەی دەستگیرکردنیان لەدانیشتووانی گوندەکە کردووە ئەگەر هاتوو ناڕەزایەتی دەربڕن.
ماوەیەکە چالاکوان و رێکخراوانی جینۆساید داوا دەکەن سەربازگەکە بکرێتە مۆنۆمێنت وەک هێمایەک بۆ ئەو زوڵم و ستەمەی لەپرۆسەی ئەنفالدا دژ بە کورد ئەنجامدراوە.