مه‌لا
plus4
پێش ٢ ساڵ

ماوەی هەفتەیەکە مەلا خەلیل عەبدولرەحمان لەقەرەهەنجیرەوە چوەتە سلێمانی و بێ سەروشوێنە، کەسوکارەکەی دەڵێن" بۆ داربڕین لەگەڵ هاوڕێیەکیدا رۆشتووە ."

 

مەلا خەلیل دانیشتوی گوندی ساتی ناحیەی قەرەهەنجیرە، چوار هاوسەری هەیە و باوک 22 منداڵە.

 

خەڵکی ناحیەکە دەڵێن، مەلا خەلیل پیاوێکی بێ کێشە بوەو سەرقاڵی باخەکەی بوە.

 

یەکێک لەدانیشتوانی ناوچەکە کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە plus4ی راگەیاند: ساڵانێکە مەلا خەلیل سەرقاڵی رەخساندنی هاوسەرگیریە لەنێوان پیاوان و ژنان بەتایبەت ئەو کەسانەی هەوڵەدەن بۆ هاوسەرگیری دووەم ژنی عەرەب بهێنن.

 

وتیشی، خەڵکی عەرەب هەبوو لەشارەکانی دیکەی عێراقەوە دەهات و وێنەی کچەکانی لای مەلا جێدەهێشت تاوەکو هاوسەریان بۆ بدۆزێتەوە، بەپێچەوانەیشەوە پیاوان بۆ هاوسەرگیری سەردانی مەلایان دەکرد بۆ ئەوەی لەئەلبومەکەیدا دڵخوازی خۆیان هەڵبژێرن.

 

دوای سەرهەڵدانی داعش و ئاوارەبونی خەڵکی شارەکانی ناوەڕاستی عێراق بۆ هەرێم، دیاردەی هاوسەرگیری پیاوانی کوردو ژنان عەرەب روی لەزیادبون کرد.

 

لەساڵانی دواییدا ژمارەیەک تاوان رویاندا کە پەیوەندیان بە دزینی پارەی پیاوەکەوە هەبوو لەلایەن ژنەکەیەوە کە بەشێکی هاوسەری دووەم بون.

 

سەرچاوەیەک لەهێزە ئەمنیەکان بۆ plus4 ئاشکرایکرد، بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەبەردەستیاندایە، بەشێک لەو ژنانەی دەچنە لای مەلا خەلیل یاخود خەڵکانی دیکە، هاوسەریان هەیە و بەرێککەوتن لەگەڵ یەکتر ئەو کارە دەکەن کە مەرامیانە سەروەت و سامانی پیاوەکە بدزن و دواتر بەرەو باشوری عێراق هەڵدێن.

 

کەسوکاری مەلا خەلیل دەڵێن: هەفتەیەک پێش ئێستا لەگەڵ هاوڕێیەکیدا چون دار ببڕنەوە بەڵام ئیتر نەگەڕایەوە.

 

مەلا بەئاراستەی سلێمانی رۆشتووە چونکە دوایین دەرکەوتنی لەکامێرای چاودێرت بازگەی تاسلوجە بوە.