PLUS4
پێش ساڵێک
دەگێڕنەوە لە ساڵانی سییەکان، ژنێکی کورد و تورکمان لای مزگەوتی نائیب لە حەسیرەکە دەبێتە شەڕیان.. ژنە کوردەکە دەڵێت؛ دەچم براکانم دەهێنم، ژنە تورکمانەکەش دەڵێت؛ دەچم لە دادگا شکاتت لێی دەکەم.
ئەم گێڕانەوەیەم بۆیە هێنایەوە، چونکە یەکێك لە کێشە گەورەکانی ئێمەی کورد ئەوەیە، هیچکات حەزمان بە یاسا و رێکاری دادگا نییە بۆ بەدەستهێنانەوەی مافەکانمان.. کاتێك بەهێز بین، حیساب بۆ کەس ناکەین، کاتێك لاوازبووین، بەردەوام دەڵێن؛ داوادەکەین، لەکاتێکدا مافێك کە خورا بێت، هەرگیز بە داواکردن بەدەست نایات، بەڵکو دەبێت بەدەست بهێنرێتەوە.
شەش ساڵ پێش ئێستا، پێشنیارم بۆ پەرلەمانتارێك و چەند مامۆستایەکی ناڕازی کرد، بە پشتبەستن بە مادەی چوار لە دەستوری عێرق و یاسای زمانە فەرمیەکان، بە ژمارە 7 ساڵی 2014 لە دادگای کارگێڕی (محكمة الادارية) یاخود دادگای فیدڕاڵی، سكاڵا لەسەر وەزیری پەروەردە و سەرۆک وەزیرانی عێراق بکەن.
ئەم دوو یاساییە، (دستور و یاسای زمانە فەرمیەکان)، حکومەتی عێراقی پابەند کردووە، کە خوێندن بە زمانی دایك بۆ نەتەوەکان دابین بکەن... لە شاری کەرکوكیش حکومەتی عێراق، خوێندنی بە زمانی عەرەبی و تورکمانی و ئاشوری دابینکردووە و تەنها خوێندنی بە زمانی کوردی دابین نەکردووە.
دوای سێ مانگ لەم پێشنیارەم بۆ مامۆستایانی ناڕازی و ئەو پەرلەمانتارە.. وەڵامەکە ئەوە بوو.. کە بە رێکاری دادگا دەدۆڕێن، چونکە هیچ ئەمرێکی ئیداری وەزارەتی پەروەردەی عێراق نیە بۆ دامەزراندنی خوێندنی کوردی لە کەرکوك.. منیش وتم مادام بڕوانامە دەداتە دەرچوانی خوێندنی کوردی لە هەر سێ قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی،، ئەمە ئیعترافە بە پرۆسەی خوێندنی کوردی.. (المعروف عرفا، كمشروط شرطا).
پرسیاری من ئەوەیە، 10 ساڵە بۆ یەک مامۆستا لە دادگا سکاڵا لەسەر وەزیری پەروەردە و سەرۆک وەزیرانی عێراق تۆمار ناکەن.
هەر بۆ زانیاری، بێبەشکردن لە خوێندن بە زمانی دایک یان دروستکردنی ئاستەنگی، دەچێتە چوارچێوەی تاوانی جینۆساید، تەنانەت لە خاڵی سێیەم لە مادەی 14، لە یاسای زمانە فەرمیەکان هاتووە:(لكل متضرر الحق في تحريك الدعوی الجزائية عند مخالفة احكام هذا القانون)، واتا مافی تۆمارکردنی سکاڵای جینائیشی پێداویت.
بۆیە لە بڕی بایکۆت و گردبونەوە.. با 50 مامۆستای ناڕازیی کۆببنەوە و بچن سکاڵا تۆمار بکەن.. چونکە رێگاکانی تر، هەمووی
خۆمەشغوڵکردنە.
ئەگەر کێشەی دابینکردنی تێچووی پارێزەراتانیش هەیە، سەندیکای پارێزەران بەپێی یاسا پابەندن بە دابینکردنی پارێزەر بۆ مافخوراوان.. جیا لەوەش بانگەوازێك بکەن دەیان پارێزەر ئامادەن بە خۆبەخشی لەگەڵتان بن.
لە کۆتاییدا وەک توانجێك دەڵێم؛ تەحەدا دەکەم تەنها 20 مامۆستا و سەرپەرشتیار و بەرپرسی بەش لە خوێندنی کوردی، ئەم یاساییەیان خوێندبێتەوە.