PLUS4
پێش ساڵێک
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وتارێکی پێشکەشکرد و وتی، یەکێتی یادگاریی مام جەلالە و بۆ یەکڕیزی، دەبێت لەسەر بیر و ئاراستەی ئەو کار بکات. لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداش وتی، نابێ مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان بکرێتە بارمتەی سیاسی.
نێچیرڤان بارزانی، وتی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆڵێکی دیار و سەرەکی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستاندا هەبووە و لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دوو هێزی سەرەکیی دامەزرێنەری ئەزموون و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بوون و رایگەیاند، "ئێستاش یەكێتی لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش یەکێکە لە هێزە کاریگەرەکان".
وتیشی"ئەزموونی کارکردنی پێکەوەیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان؛ جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و خوالێخۆشبوو جەنابی سەرۆک مام جەلال سەلماندوویەتی کە سەرکەوتن لە یەکڕیزی و هاوبەشی و کاری پێکەوەییدایە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەردەوامیی وتارەکەیدا وتی، "سەرکەوتنی راپەڕین و جێگیرکردنی فیدراڵی بەرهەمی راستەوخۆ و هاوکاریی و تەبایی و برایەتی بووە. ئێستاش بۆ پاراستنی دەستکەوت و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان تاکە رێگە هاوبەشی و پێکەوە کارکردنە لە هەرێمی کوردستان و بەغدا و پێچەوانەکەشی زیان بە هەرێمی کوردستان دەگەیێنێت."
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، ئاساییە لایەنەکان جیاوازیی بیری سیاسییان هەبێت، بەڵام پێویستە بەرژەوەندییەکی هاوبەش هەموویان کۆبکاتەوە، ئەویش پاراستنی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی بێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، وێڕای هەموو هەوراز و نشێوی و کەموکوڕییەکان، هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی جوانی لە ناوچەکەدا پیشانداوە و بووە بەهۆی ئەوەی لە عێراق و جیهاندا بە رێزەوە لێی بڕواندرێت.
نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەکەیدا بە گرنگییەوە باسی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کرد و گوتی، "هەڵبژاردن وەکو بنەمای سەرەکیی رەوایەتی دەسەڵات و حوکمڕانی بۆ هەرێمی کوردستان پێویستە یەکەم و لەپێشەوە بێ؛ دەبێ هەموو لایەنە سیاسییەکان کار بکەن بۆ ئەوەی شوباتی داهاتوو هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو بەڕێوەبچێت؛ هەرێمێکی کوردستانی بەهێز دەتوانێت رۆڵ و کاریگەری باشتری لە هەموو عێراق هەبێت و بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی بکات".
لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، "جەخت دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان دەیەوێت هەموو کێشە و ناکۆکییەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق بەگوێرەی دەستوور چارەسەر بکات. نابێ بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان بکرێتە بارمتەی سیاسی. دەبێت هەموو لایەنەکانی عێراق بزانن دروستکردنی کێشە بۆ هەرێمی کوردستان خزمەت بە عێراق ناکات".