PLUS4
پێش ساڵێک
دەقی وتەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمیانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ژمارەیەک کەناڵی راگەیاندن، لەبارەی رەوشی کەرکوکەوە:
- کەرکوک ناونیشانی برایەتی و پێکەوە ژیانی ئاشتییە بۆ پێکهاتەکان، ئەوەش بەرپرسیارێتی ئێمەو هەمووانە بۆ پارێزگاری لەو ناونیشانەو کەرکوک بەدووربگرین لەهەر لێکدانەوەیەکی سیاسی ناوخۆیی یا دەرەکی.
- کەرکوک لەدوای ساڵی 2005ـــەوو بۆ یەکەم جارە هەڵبژاردنێک ئەنجام دەدات کە بۆ کوردو عەرەب و تورکمان هەڵبژاردنێکی نەتەوەیی دەبێت، ئەوەش بەشێکە لەهۆکاری ئەو گرژیانەی لەئارادایە.
- کەرکوک کێشەی تیایە، کێشەکانی زۆرن و کەڵەکەبون ئەوەش وایکردووە حاڵەتێکی نەگونجان و لاوازی متمانە لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا دروست بێت.
-بابەتی رادەستکردنەوەی بارەگایەک بەپارتی دیموکراتی کوردستان شتێکی زۆر بچوکە بەڵام وایکرد سروشتی روداوەکەو لێکەوتەکانی لەدروستکردنی وتاری نەتەوەیی و هاندان و گردبونەوەی خەڵک لێبکەوێتەوە.
- ئێمە لەو کێشەیە راناکەین چونکە بنەمای پرسەکەیە، ئەو هێزە سیاسیانەی لەوێن رێککەوتوون لەسەر پرسێک کە بریتییە لە رادەستکردنی بارەگە حزبییەکانی کەرکوک و نەینەوا و دیالە.
- هەموو هێزە سیاسییەکان بەبێ جیاوازی لەسەر پڕۆگرامی حکومەتەکەمان رێککەوتوون، من داوام لە سەرکردەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتیش کرد کە سەرۆک کۆماریش ئامادەیبوو، قسەیەکی روون و راشکاوم پێ وتن، کە ئەوە قسەی خۆتانە پێوەی پابەندن یا نا.. ئەگەر پێوەی پابەندنین هەر یەکەو با لەشوێنی خۆی دانیشێت، ئیتر شتێک ئەگەر هەیەو پێوەی پابەندن بۆ هەر کەسەو لەژێر مێزەکەوە دەچێت ئامرازەکانی خۆی دەجوڵێنێت و کار دەکاتە سەر هاوڵاتیان تا گەیشتە ئەوەی قوربانی لێبکەوێتەوە.
- کەواتا کێشەکەی کەرکوک کێشەیەکی ئەمنی نییە بەڵکو سیاسییە، لەکۆبونەوەی ئیدارەی دەوڵەت بەیاننامەیەکی دەرکرا و ئەوەی تێیدا هاتووە قسەیەکی رون و ئاشکرایە.
- لیژنەیەکی سەرکردایەتی ئیدارەی دەوڵەت سەردانی کەرکوک دەکات و چاوی بەهەموو لایەنە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی شارەکە دەکەوێت، کێشە کاتییەکانی ئێستا چارەسەر دەکات چونکە ئێمە ناتوانین هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین.
- بەڵام شتی گرنگ ئەوەیە ئەو سەقامگیری و ئارامییە بپارێزین و کەشێک ئامادە بکەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن چونکە هەبوونی ئەنجومەنێکی پارێزگا رێگایەکە بۆ چارەسەری هەموو ئەو کێشانەی لەئارادان.
- لیژنەی لێکۆڵینەوە کە راسپێردراوە بۆ دەرخستنی ناسنامەی ئەوانەی بەرپرسن لەتەقەکردن لەکارەکانی بەردەوامە و ئەوانەی تۆمەتبارن دەستگیرکراون و نزیکەی 28 کەسی دیکەش هەن کە داواکراون، ئەوانەی لەوێنەکاندا دەرکەوتوون و زانیاریان لەبارەوە هەبوە کە چەکیان هەڵگرتووەو خەڵکیان هانداوە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووەو ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیش دەردەچن، هەرکەسێک تێوەگلابێت لەرشتنی خوێنی هاوڵاتیانی کەرکوک سزا دەدرێت.