plus4
پێش ساڵێک
تەلار لەتیف وتەبێژی تایبەت بە كاروبارەكانی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتی نیشتمانی کوردستان لەلێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند : ئامادەكاریەكانی بەستنی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتی بەردەوامن ، لەو چوارچێوەیەشدا فۆڕم بەمەبەستی دروستكردنی ناسنامەی كۆنگرە بۆ ئەو ئەندامانە دروستدەكرێت كە جێگیرن و پێویستیان بەهەڵبژاردن نیە بۆ بون بە ئەندامی كۆنگرە، ئەوانیش ئەندامانی سەركردایەتی، ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیەكانی یەكێتی، پێشمەرگە دێرینەكانی ساڵی 1976 دەگرێتەوە.
ئەوەشیخستەڕو لە هەفتەی داهاتودا رێنماییەكان بۆ كۆنفرانسی مەكتەب و مەڵبەند و ئۆرگانەكانی یەكێتی بەپێی رێنمایی و میكانیزمی كارپێكراوی پەیڕەو بڵاودەكرێتەوە بۆئەوەی ئەندامانی دیكەی كۆنگرە دیاری بكرێن كە ژمارەیان 600 ئەندام دەبێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد لە كۆنگرەی ئەمجارەی یەكێتیدا پەیڕەو و پرۆگرامی حزبەكە هەموار دەكرێتەوە و جیاواز دەبێت لە كۆنگرەی پێشو، بە دەنگی ئەندامانی كۆنگرەش پەیڕەو پەسەند دەكرێت و گۆڕانكاریش لە پێكهاتەی یەكێتیدا دەكرێت