
PLUS4
پێش ساڵێک
بەپێی دوایین راپۆرتی ئەو تیمە هاوبەشەی پێکهێنرا بۆ لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی بازاڕی حەسیرەکە، بۆمب لەنێو سندوقی ئۆتۆمبێلەکەدا تەقیوەتەوە گومان دەکرێت لەسەر ئەو بوتڵی غازە بەسترابێت کە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو سەرنشینەی گیانی لەدەستداوە بەناوی ئۆزال ئەتیلا کەریم تەمەن 32 ساڵ، پاسەوانی عیرفان کەرکوکلی سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانە.
ئۆتۆمبێلەکە لەجۆری ئۆپڵ ئۆمیگا رەنگ رەساسی ژمارە ( 52494 ر / کەرکوک )یە، کاتژمێر 8:15 خولەکی شەو لەحەسیرەکە تەقییەوە.
جگە لەو کەسەی گیانی لەدەستداوە، چواری دیکە بریندارن.
بەپێی زانیارییەکان ئەوان لای فیتەر بونە، هەر بۆیە دوای روداوەکە دەستبەجێ فیتەرەکە دەستگیرکراوە.
سەرەتا پۆلیسی کەرکوک لەرونکردنەوەیەکدا بۆ رای گشتی بە بەڵگە سەلماندی کە بەهۆی سیستمی غازەوە ئۆتۆمبێلەکە تەقیوەتەوە.
بەڵام هەر زوو کۆمپانیای غازی باکور رەتیکردەوەو وتی: ئەو ئۆتۆمبێلەی تەقیوەتەوە بە سیستمی غاز کاری نەکردووە.
روداوەکە ئاڵۆزەو لێکۆڵینەوە بەردەوامە، هێشتا نازانرێت هۆکاری بونی ئەو بۆمبە و تەقینەوەکەو مەبەست و مەرام لێی چی بوە!!!!.
تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ دەزگایەکی ئەمنی بەفەرمی پشتراستی نەکردووەتەوە بەڵام پڵەس4 ئەوەی زانیوە کە فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک راسپێردرا خۆی بەشەخسی سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەکان بکات.