يةكيتىي
PLUS4
پێش ساڵێک

راگه‌یه‌ندراوی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ یادی خیانه‌تی مێژوویی ٣١ ی ئابى ١٩٩٦

 

جه‌ماوه‌ری به‌شه‌ره‌فی كوردستان

كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان

 

بیست و حه‌وت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌سه‌ر بانگهێشت و به‌ چاوساغی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان ، هێزه‌كانی گاردی كۆماریی رژێمی دیكتاتۆری به‌عس شاری هه‌ولێری پایته‌ختی كوردستان و پایته‌ختی خه‌ونی ئازادی و ناوه‌ندی دامه‌زراوه‌ سه‌روه‌رییه‌كانی وڵاته‌كه‌مانیان داگیركرد وزیانێکی کوشندەو جه‌رگبڕیان له‌ماناكانی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانپه‌روه‌ری دا كه‌هه‌رگیزاو هه‌رگیز له‌ بیر ناچنه‌وه‌.

 

هه‌مووی پێنج ساڵ بوو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان ٍٍٍٍبه‌سه‌ر زوڵم و زۆرداری رژێمی به‌عس راپه‌ڕیبوون و به‌شێكی خاكی نیشمانیان له‌ چنگ ده‌رهێنابوون ، كه‌چی پارتی به‌ بیانووی پڕوپوچی تێكچوونی به‌ڵانسی هێزه‌كان له‌ شه‌ڕی ناوخۆ، جارێكی ترئه‌و سوپاى ئه‌نفال و كیمیابارانه‌یان هێنایه‌وه‌ سه‌ر خاكی كوردستان و شاری هه‌ولێر، كه‌ له‌ ئه‌نجامدا سه‌دان پێشمه‌رگه‌ و تێكۆشه‌ری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان وهێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی شه‌هید وبرینداربوون، سه‌دانیان به‌دیل گیران و بێسه‌روو شوێن كران و ده‌بابه‌كانی ئه‌وسوپا شۆڤێنییه‌ شكۆی پارله‌مانی هه‌لبژێردراوی خه‌ڵكی كوردستانیان شكاند و ئه‌زموونه‌كه‌مانیان، له‌سه‌ره‌تای پێكهاتنییه‌وه‌، له‌ كه‌داركرد.

 

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م خیانه‌ته‌ وه‌ك زۆر ناپاكی تری مێژووی ئه‌م حزبه‌ له‌ یاده‌وه‌ری میلله‌ته‌كه‌ماندا په‌ڵه‌یه‌كی ڕه‌شی قه‌ترانییه‌ و به‌سه‌دان پاكانه‌ی خیتابی ئیعلامی وكتێبی ناڕاست و گێڕانه‌وه‌ی چه‌واشه‌كاری رووداوه‌كان ناسڕدرێته‌وه‌، به‌ڵام یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و هێزه‌ سیاسییه‌ ده‌ربه‌سته‌كانی كوردستان، پاڵپشت به‌و ئومێده‌ی به‌ ئاینده‌ی گه‌له‌كه‌مان و ره‌وایی و مه‌سه‌له‌ی كورد هه‌یانه‌، پاڵپشت به‌وه‌ی ناكرێت پرۆسه‌ی سیاسی وڵاته‌كه‌مان له‌ شوێنێكدا چه‌ق ببه‌ستێت و په‌كی بخرێت، بۆیه‌ تێكڕا قه‌ده‌ری باشتری ئاشتی و پێكهاتنه‌وه‌یان هه‌ڵبژارد و به‌سه‌ر برینی ناپاكی و خیانه‌تدا بازیان دا و هه‌وڵیان خسته‌گه‌ر بۆ پاراستنی ئه‌وی ماوه‌ له‌ شكۆی ئه‌زموونی نه‌ته‌وه‌كه‌مان، لاپه‌ڕه‌یه‌كی تازه‌یان بۆ ئاشتی و تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی خه‌باتى دیموكراتى هه‌ڵدایه‌وه‌. روخانی سوپاى رژێمی هاوكارى كاره‌ساتی سی ویه‌كی ئاب له‌ پرۆسه‌ی ئازادی وهه‌روه‌ها هه‌رچی ده‌سكه‌وتی گه‌له‌كه‌مان هه‌یه‌، له‌دانپیانانى ده‌ستووریی به‌ هه‌رێمى كوردستان و سیستمى فیدڕاڵى به‌رهه‌می دانبه‌خۆداگرتنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و په‌رۆشی نیشتمانپه‌روه‌رانه‌یه‌ بۆ دوارۆژی كوردایه‌تی و سه‌روه‌ری كوردستان .

 

به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ئه‌و هێزه‌ی به‌رپرسه‌ له‌ خیانه‌تی ٣١ ی ئاب، له‌ جیاتی ده‌رس وه‌رگرتن له‌ رووداوه‌كانی مێژوو، له‌سه‌ر هه‌مان سیاسه‌تی چه‌وتی به‌رده‌وامه‌ و تازه‌ به‌ تازه‌، به‌هه‌مان نه‌فه‌سی ته‌سكی به‌رژه‌وه‌ندی پارتێتیەوە،ئاگری ناكۆكی و ناپاكی خۆش دەکات كه‌ دیاره‌ به‌هه‌ڵه‌ له‌ دانبه‌خۆداگرتن و سه‌بری هوشیارانه‌ی ده‌ربه‌ستانی ئاینده‌ی كوردستان تێگه‌یشتووه‌، بۆیه‌ وا ئێستاش به‌ تۆمه‌ت داتاشین و ته‌شهیری بێبنه‌ما بۆ هێزه‌ نیشتمانپه‌روه‌ره‌كان، له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ بۆ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، یاده‌وه‌ری تیژی مێژوو تاقیده‌كاته‌وه‌ ، پاره‌ و پاوه‌ر و ته‌زویری میدیایى بێ شومارى بۆ ئه‌م چه‌واشه‌كارییه‌ خستۆته‌گه‌ڕ، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی هه‌وڵبدات به‌ یه‌كجاری برینه‌كانی مێژووی خیانه‌ت سارێژ بكات و به‌ سیاسه‌تی دروستی كوردستانی و نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و لاپه‌ڕه‌ ره‌شه‌ له‌ مێژووی خۆی و كوردستان بسڕێته‌وه‌، كه‌چی هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵی شه‌رعیه‌تپێدانی چه‌واشه‌كارانه‌ی ئه‌و خیانه‌ته‌دایه‌ و بێ باكانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی سیاسی و ئاینده‌ی گه‌له‌كه‌مان ده‌كات.