ئەحمەد رەفیق
پێش ساڵێک
سیاسەت بریتییە لە ئاکار و چاکەی گشتیی، بە پێچەوانەوە دەرەنجامی خراپ بە دەستەوە دەدات.
ئایا دەبێ نهێنی ئەو پرسیارە چی بێت تەنها لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا برادەرانی پارتیی بانگەشەی گەڕانەوە بۆ کەرکوک دەکەن، بە دیاریکراویش بارەگاکەی رێی هەولێر-کەرکوکیان دەکەوێتەوە یاد؟! هەر بە راست لەو بینایەدا نەبێت کوردایەتیی ناکرێت؟! ئەم هەڵسوکەوتەی پارتیی شیعرێکی مەحوی هێنایەوە یادم کە دەڵێت: (شوکر هوشیارە مەحوی تێدەگا دونیا خەراباتە!)
باوەڕ بکەن زۆرم بەلاوە گرینکە پارتیی بگەڕێتەوە کەرکوک و چالاکی سیاسی و بارەگایان هەبێت، بەڵام زەحمەت نەبێت؛ کاتێک کەرکوک بە لای ئەوانەوە (داگیرکراوە!) ئیتر نهێنی گەڕانەوەی پارتیی و وەرگرتنەوەی ئەو بارەگایەیان لە پای چی، گەر ئەمە تاکتیکی هەڵبژاردن و کۆکردنەوەی دەنگ نەبێت چی ترە؟ ئایا کەرکوک لەوە زیاتر بەرگەی ئەو هەموو نەهاماتیی و ماڵوێرانییە دەگرێت؟! گەر ناتەبایی کورد نەبێت چوار نەعل لەپێ دەتوانێ رێگای هەزاران کورد لە شارەکەدا بگرێت؟!
پێشتر وتوومە و ئێستایش دەیڵێمەوە، کورد بە یەکەوە بە هێزە، هەتا پەرتەوازە و لە یەکتری دوور بین زیاتر دەمانهاڕن. لەو سۆنگەیەوە هیوادارم ئەم بانگەشەیەی پارتیی بۆ کەرکوک، ئامانج لێی موزایدە و بانگەشەی هەڵبژاردن نەبێت، بەڵکو ئەم کەڕەتەیان بە راستییان بێت، و بگەڕێنەوە کەرکوک، ئەگەر لە ژێر خێوەتێکیشدا بوو بنکەو بارەگای خۆیان دابمەزرێنن!