PLUS4
پێش ساڵێک
دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ هەسەدە ( هێزەکانی سوریای دیموکرات ) بەپاڵپشتی هاوپەیمانان ئۆپراسیۆنێکیان لەژێر ناوی " بەهێزکردنی ئاسایش " لەحەسەکە دەستپێکرد و بڕیاری کتوپڕی قەدەغەی هاتووچۆیان راگەیاند.
روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە کە ئەحمەد خبیل ناسراو بە "ئەبو خەولە" فەرماندەی ئەنجومەنی سەربازی دێرزور و لەگەڵ جێگرەکەی دەستگیرکراون.
هاوکات هێزێکی ئاسایشی رۆژئاوا هەڵیکوتاوەتە سەر بارەگای ئاژانسی هەواڵی باز لەحەسەکەو سەرنوسەرو تەواوی کارمەندو پاسەوانەکانیان دەستگیرکردووە کە لەلایەن ئەبو خەولەوە تەمویل دەکرێن.
سەرچاوە هەواڵییەکانی نێو خۆی حەسەکە باس لەوە دەکەن کە ئەو دوو فەرماندەیەی دێرزور بانگهێشتی کۆبونەوەیەک کراون بۆ شەدادی و لەوێ دەستبەسەرکراون، چونکە پابەندی یاساو بڕیارەکانی هەسەدە نابن و خەڵکی ناوچەکە ناڕازین و ئەوانیش سەرقاڵی بازرگانی و وەرگرتنی سەرانەن.
جەلال خەبیل برای فەرماندەی ئەنجومەنی سەربازی دێرزور لەگرتەیەکی ڤیدیۆییدا بڵاویکردووەتەوە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات گەمارۆیانیان داوە و ئامادەنین خۆیان بەدەستەوە بدەن.
لەئێستادا جگە لەهەڵمەتی دەستگیرکردنی فەرماندەکانی ئەنجومەنی سەربازی دێرزورو کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکانی ژێر دەستیان، هەواڵی مانگرتن و هەڵاتنی ژمارەیەک لەتیرۆرستە دەستگیرکراوەکانی گرتووخانەی سناعە لەحەسەکە بڵاوبوەتەوە.
لەدوای دەستگیرکردنی ئەو فەرماندەیەوە، براکانی بانگەواز بۆ شەڕی کوردو عەرەب لەدەشتایەکی دێرزور دەکەن و هێزەکانی ژێر دەستیان پەلاماری بارەگاو بازگەکانی هەسەدەیان داوەو لەهەندێ ناوچەش شەڕو روبەڕوبونەوە بەردەوامە.
هێزەکانی هەسەدە داوا لەخەڵک دەکەن هاوکارو هەماهەنگ بن لەگەڵیان بۆ لەناوبردن و دەستگیرکردنی ئەو گروپانەی بە دەرچوو بەیاسا و یاخی وەسفیان دەکات.
تا ئەم ساتە دۆخی حەسەکەو ناوچەکانی دەوروبەری ئاڵۆزەو هەسەدەش بەفەرمی هیچی بڵاونەکردووەتەوە.