كةمال كةركوكى
محەمەد قەراغی - لەندەن
پێش ساڵێک

 

هەفتەیەكە، لە پەیجی "درەو"دا، كەمال كەركوكی، لەچاوپێكەوتنێكدا باسی كارەساتی هەكاری ‌و شەهیدكردنی عەلی عەسكەری ‌و د.خالید و هاوسەنگەرە غەدرلێكراوەكانیان دەكات.

 

بەداخێكی زۆرەوە گێڕانەوەی (كەمال) جیاوازتر بوو لە تەواوی ئەو نوسینانەی لەسەر هەكاری بڵاوكراوەتەوە. بۆیە وەكو خوێنەرێك كە مێژووی دوای هەرەسی 1975م زۆر زۆر لا گرنگە، باوەڕناكەم بابەتێك لەسەر ئەو مێژووە نوسرابێ‌ بەوردی نەمخوێندبێتەوە. لەو باس‌و كتێبانەی نوسراوون دڵنیام چەواشەكاری هەیە. درۆ هەڵبەستراوون. ترسنۆك بۆتە قارەمان‌و قارەمان بچوك كراوەتەوە. كورتیەكەی سەرجەم نوسینەكان لەسەر مێژوو پێویستیان بە پیاچونەوە هەیە. بەڵام هیچی ئەو نوسینانەو ئەو چاوپێكەوتنانە، درۆهەڵبەستنیان ناگەنە قولەپێی ئەم چاوپێكەوتنەی كەمال كەركوكی. نەك شەرمی لە مێژوو بەڵكو شەرمی لەخۆی ‌و حیزبەكەیشی نەكردووە.

 

هەموو كوردێك دەزانێ‌ كەمال لە دیدار و چاوپێكەوتنەكانی چەند روو شكێن ‌و چەندیش رەق ‌و چۆنیش بێ چاوو رووە. ئەمەیان با بۆ كەمال بمێنێ‌ ‌و هەر ئەوەی لێدەوەشێتەوە. بەڵام كەسێك زیاتر لە (50) ساڵە سیاسەت ئەكات. لەوە تێنەگەیشتوە مێژوو دەبێ‌ بەئەمانەتەوە بێگێڕدرێتەوە. كەسێكی ئاوها چەند عەیبە سەركردایەتی كورد و پارتی بێ‌.

 

بەداخەوە من ئەو كەسە نیم لەبری تێكۆشەرانی هەكاری‌و مەكتەبی سیاسی ئەوكاتەی یەكێتی قوڵ وەڵام بدەمەوە. بەڵام لەبەرئەوەی ئەو هاوسەنگەرانە دەستی چەوری دەوڵەمەندیان بە كڵاوی پیسیانەوە گرتووە نەكا توڕەیی میللەت بیبات. ناچارم من وەڵام بەمەوە!!
با كەمال بزانێ‌ كە رەخنەیەك لەسەر شەهید عەلی عەسكەری هەبێ‌ سەبارەت بە كارەساتی هەكاری، ئەوەیە بەبێ‌ بڕیاری سەركردایەتی یەكێتی هێزەكەی بردۆتە قوڵایی باكوری كوردستان. مەعلومی هەموو كەسێكە شەڕەكانی نێوان هێزەكەی یەكێتی و عەشائیری‌و باكور، لەناو باكوری هۆز نشیندا رویداوە. كە پارتی لەناویاندا كاریگەر بووە.

 

ئینجا.. عەلی عەسكەری هەتا شەهیدی دەكەن باوەڕی بە شەڕی ناوخۆ نەبووە.. وەكو مەلا بەختیار لەم ماوەیەدا وتی: عەلی عەسكەری مەسیحی شۆڕشی نوێیە. ئیتر چۆن چۆتە ناو توركیا بۆ لەناوبردنی پارتیەكان. ئاخر خۆ شاخی درۆش ناكرێ‌ زۆر درێژ بكرێ‌.  چونكە شاخی درێژی درۆ چاوی درۆزنەكەی كوێر ئەكات.

 

پاشان.. ئەوەی بڵاوكراوەتەوە مام جەلال و عەلی عەسكەری، پێش هەكاری نامەیان بۆ خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی و تەنانەت دایكیشیان نوسیووە.. بەڵام وەڵامیان نەداوەتەوە لە كەمال دەپرسم:

 

بۆچی وەڵامی نامەكان بۆ رێكەوتن نەدراوەتەوە؟ وەڵامنەدانەوە لە عورفی سیاسەتدا بەڵگە نییە كە پیلانێك لەئاردا بووە؟

 

ئەگەر پیلانی لێدانی هێزی هەكاری لەلایەن پارتیەوە لەئارا نەبووە، ئەی بۆچی بەرایی هێزەكە دەگاتە سنوری هەكاری (لاموایە نزیكی برادۆست) هەر لەو شوێنەدا بارەگای قیادەی موەقەتە هەبووە.. دەی هێزەكە بەو هیلاكیە گەیشتوون دوای ئەوەی عێراق و ئێران لێی داوون و برسی و شەكەت، بۆچی هەر لەناو باشوری كوردستاندا لێیان نەداوون؟ بۆچی هێزەكانی پارتی كشاونەتەوە بۆ قوڵایی ناو هۆزەكانی باكور و چاوەڕێیان كردووە هەتا عەلی عەسكەری و هێزەكەی رۆیشتوونەتە ناو هۆزەكان ئینجا لێیانداوون. ئایا ئەم هێرشكردنە بۆ سەر هێزەكانی یەكێتی بە ڕێكەوت پارتی ئەنجامی داوە یان بە پیلان و نەخشە؟ كەمال.. ویژدانت هەبێ‌ وەڵام بدەوە.

 

شاخی درۆكانی كەمال.. ئەوەندە درێژ دەكرێتەوە دەڵێ‌: یەكێتی وەكو 16ی ئۆكتۆبەر لەگەڵ عێراق رێكەوتبوو بۆ لەناوبردنی پارتی بۆیە لێمان دان.

 

ئاخر كەمال خواو بێ‌!

 

هێزەكە.. عێراق ‌و ئێران لێی داوون. هەر بە كۆپتەری عێراق چەندین شەهید لە قەندیل دراوە. ئیتر ئەم درۆیە چۆن هەڵدەبەستی بۆ خاتری خودای گەورە؟

 

تۆ بڵێی كەمال زاكردەی ئەوەندە لاواز بوبێ‌ كە نەزانێ‌، عێراق دەستبەجێ‌ دوای هەكاری دەستی كرد بە راگواستنی دێهاتی كوردستان.. لەناوچەكانی سلێمانیشەوە دەستی پێكرد كە مەفرەزەكانی پارتی لێ نەمابوون. ئەی كەمال.. شەهیدكردنی ئارام و غەفور ئاغجەلەری، هەر بەدەستی جاشەكانی سەر بە پارتی، بە رێكەوتنی یەكێتی‌و حكومەت ئەزانێ‌؟ ئەی هەر ئەوكاتە زیاتر لە (50) كادری یەكێتی عیدام كراوون.. لەوانە مامۆستا عەزیز مەحمود و جەمال ڕەش‌و شەهید ئاشتی و دەیانی تر.. ئایا ئەمانە بە ڕێكەوتن بووە لەگەڵ عێراقدا؟

 

لەوە دەچێ‌.. كەمال هێرشەكەی عێراقی دوای كارەساتی هەكاری بۆ سەر بارەگاكانی سەركردایەتی نەزانێ‌ وەكو بڵاوكراوەتەوە (71) ڕۆژی خایاندووە. یان ڕەنگە كەمال ئەم ڕوداوانە وەكو سینەما زانیبێ‌؟

 

لەپێش و پاش كارەساتی هەكاری.. با كەمال كەركوكی ئەم بەراوردكارییە بكات:

 

یەكەم: لە ساڵی 1975 وە هەتا كارەساتی هەكاری چەند سەركردە و كادر و ئەندامی كۆمەڵە و یەكێتی گیراوون؟ چەندی پارتیش گیراوون..؟

 

دووەم: با ژمارەی شەهیدەكانی یەكێتی هەر لەو ماوەیەدا بەراورد بكات بە شەهیدەكانی پارتی، بزانێ‌ كام لایەان زۆرترین شەهیدیان داوە؟

 

سێهەم: با دێهاتی ڕاگوێزراوی كوردستان لە ناوچەكانی یەكێتی و پارتی بەراورد بكات، بزانێ‌ حكومەتی عێراق زۆرتر رقی لە یەكێتی بووە یان لە پارتی؟

 

چوارەم: با سەرجەم شەهیدەكانی یەكێتی و پارتی هەتا راپەڕین بەراورد بكات، هەتا بزانێ‌ عێراق زیاتر لە كام لایان ترساوە؟
لەكۆتایی دا دەڵێین:

 

ئەم كەمالە.. بەم چاوپێكەوتنەی، هەستێكی وای لای خەڵك دروست كردووە.. باوەڕناكەم بە (10) ساڵی تر پارتی بتوانێ‌ ئەم خەڵكە بریندارە بە قسەكانی كەمال ئاشت بكاتەوە.

 

دوا قسەشمان ئەوەیە.. ئەگەر ئەو دادگایەی كەمال باسی دەكرد.. بەڕاستی دادگایە.. فەرموون ناویان بڵاوبكەوە.. بزانین چەندیان دادوەر و چەندیان پارێزەر بوون. پاشان (حیثیات)ی عیدام كردنەكەیان لەڕووی یاساییەوە چی بووە با كەمال بەبەڵگەوە باسیان بكات.
كەمال كەركوكی

 

نە دادگا و نە مادگا.. كوردستانی نوێ‌ ناەمەكەی بڵاوكردەوەو تەلەفۆنی قیادەی موەقەتە و مەرحوم بارزانیشی ڕونكردەوە كە بارزانی، بە تلەفۆن وتویەتی:

 

پیاوی مەزن بە چەكی مەزن بكوژن. بە ئاڕ بی جی عەلی عەسكەریتان شەهید كردووە.. ئیتر شەرمە باسی دادگا دەكەی.. شەرمە.. شەرم.