بورهان حاجی سلێمان
پێش ساڵێک
هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان بۆ كه‌ركوك زۆر گرنگه، كه نزیكه‌ی 18 ساڵه هه‌ڵبژاردنی تێدا نه‌كراوه، بۆیه هه‌ر هه‌ڵبژاردنێكی نوێ نه‌خشه‌یه‌كی سیاسی نوێی هێزه سیاسییه‌كانی شاره‌كه داده‌ڕێژێته‌وه و نه‌خشه رێگا بۆ زۆر پرسی هه‌ستیار دیاری ده‌كات.
گرنگی و تایبه‌تمه‌ندییه‌كی دیكه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه په‌یوه‌سته به‌و ململانێ نه‌ته‌وه‌ییه‌ی له پارێزگاكه‌دا هه‌یه، بۆیه پێكهاته‌كانی، به‌چاوی بایه‌خ و گرنگییه‌كی زۆره‌وه ده‌ڕواننه ئه‌م هه‌ڵبژاردنه، چونكه له غیابی سه‌رژمێرییه‌كی گشتیدا ئه‌م هه‌ڵبژاردنه سه‌نگ و قه‌باره‌ی هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك ده‌رده‌خات و له قۆناغی ئاینده‌شدا رۆڵ و كاریگه‌رییان به روونی دیاریده‌كات.
هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك هه‌وڵی خۆسازدان و رێكخستنه‌وه‌ی ناو ماڵی خۆی ده‌دات و كار بۆ یه‌ك لیستی نه‌ته‌وه‌یی ده‌کات، چونكه یاسای كارپێكراو له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا له به‌رژه‌وه‌ندیی لیست و كوتله گه‌وره‌كانه و جێگه‌ی بچووكه‌كانی تێدا نابێته‌وه.
یه‌كێتی وه‌ك به‌رپرسیارێتییه‌كی مێژوویی و نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی، له‌ماوه‌ی رابردوودا هه‌موو هه‌وڵه‌كانی خسته‌گه‌ڕ بۆ رێكخستنه‌وه‌ی ماڵی كورد له كه‌ركوك و پێكهێنانی لیستێكی یه‌كگرتوو، بۆ ئەمەش ده‌ستپێشخه‌ر بوو له كۆكردنه‌وه و سه‌ردانی لایه‌نه كوردستانییه‌كانی کرد لە شاره‌كه و تا دوا ساتیش به‌رده‌وام ده‌بێت.
له‌گه‌ڵ نزیك بوونه‌وه‌ی دوا واده بۆ تۆماركردنی هاوپه‌یمانێتییه‌كان، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی نیگه‌رانییه، باش نەبوونی دۆخی كورده، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان به ده‌م هیچیان نه‌هێشتۆته‌وه و بانگه‌شه‌ی یه‌ك لیستی ده‌كه‌ن، به‌ڵام به كرده‌یی هیچیان هه‌نگاوێك له‌وی تر ناچنه پێشه‌وه و كار بۆ یه‌ك لیستی ناكه‌ن.
راستییه‌كه‌ی ده‌ستپێكی ئه‌م په‌رته‌وازییه‌ی كورد له كه‌ركوك ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌كه‌ی ساڵی 2014، كاتێك پارتی دیموكراتی كوردستان له دوا ساته‌كاندا له لیستی هاوپه‌یمانی كوردستانی هاته ده‌ره‌وه و به‌ته‌نیا به‌شداری كرد، پاساویشی بۆ ئه‌وه قبووڵنه‌كردنی سه‌رۆكی هاوپایمانێتیه‌كه بوو كه خوالێخۆشبوو دكتۆر نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری ئەو‌كاتی پارێزگاكه بوو، به‌دوای ئه‌ویشدا ژماره‌یه‌ك حزبی تر كشانه‌وه.
به‌داخه‌وه ئه‌جێندا و مه‌رجی هه‌رێمایه‌تی له‌و كاته‌وه رێگره له پرسی یەک لیستی كورد له كه‌ركوك، دەستێکی ده‌ره‌كی نایه‌وێت كورد له كه‌ركوك یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك لیست بێت، بۆیه ئومێدێك له پڕۆسه‌كه‌دا نابینرێت، مه‌گه‌ر له‌م چه‌ند رۆژه كه‌مه‌ی کە ماوه بۆ تۆماركردنی هاوپه‌یمانێتی، ئه‌و هێز و لایه‌نانه له ئه‌جێندای ده‌ره‌كی یاخی ببن و بێنه‌وه ریزی نیشتمانی و سه‌رده‌مێكی دیكه‌ی زێرینی كورد له كه‌ركوك ببینینه‌وه.
ئه‌گه‌ر هه‌موو لایه‌ك ئیراده و خواستی یه‌كڕیزییان هه‌یه و یەک لیستی هه‌ڵوێست و داواكاریی هه‌موو حزبێكی كوردستانییه له كه‌ركوك، بۆ ئه‌و دروشمه ناكه‌ن به واقیع؟
یه‌كێتی وه‌كو لایه‌نێكی سه‌ره‌كیی شاره‌كه، بۆ ئه‌و پرسه نه ڤیتۆی له‌سه‌ر لایه‌نێك هه‌یه و نه مه‌رجیش به‌سه‌ر كه‌سدا ده‌سه‌پێنێت، ئه‌گه‌ر هه‌موو لایه‌ك ئه‌و ئیراده‌یه‌یان تێدایه، كورد وته‌نی فه‌رموون «ئه‌وه ئه‌رز و ئه‌وه گه‌ز»، با پێكه‌وه و له یه‌ك به‌ره‌دا ئه‌م شه‌ڕه بكه‌ین، دواجار كه‌ركوك ئه‌مانه‌ته له ئه‌ستۆی هه‌موان.