PLUS4
پێش ساڵێک
کاتژمێر 8:30ی شەوی هەینی، لەگەڕەکی دۆمیزی باشوری کەرکوک.. ماتۆرسکیلێک کە دوو گەنجی کوردی لەسەربوە دەچێتە نێو بازگەیەکی کاتی هێزێکی ئەمنیی کەرکوکەوە و رایاندەگرن.
ئەگەرچی وا بڵاوکراوەتەوە کە لەبازگەکە رانەوەستاون و هێزەکەش تەقەی لێکردوون... بەڵام سەرچاوە ئەمنییەکان و کامێراکانی چاودێری پێچەوانەکەی پشت راستدەکەنەوە.
هەردوو سەرنشینەکە دادەبەزن و خۆیان دەناسێنن و دەپشکنرێن.. دواتر دەمەقاڵەیەکیش لەنێوانیان رودەدات، لەکاتی رۆشتنیان و بەجێهێشتنی بازگەکە.. یەکێک لەکارمەندەکان لەپشتەوە دەستڕێژی گولەیان لێ دەکات و هەردووکیان دەپێکێت.
بەبرینداری دەگەیەنرێنە نەخۆشخانە، هادی شکور بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیان لەدەستدەدات و ئیبراهیم شوانی هاوڕێیشی، دەخرێتە ژێر چاودێری چڕەوە چونکە باری تەندروستی ناجێگیرە.
هادی شکور-ی تەمەن 20 ساڵ پیشەی نانەوایی بوە و هاوڕێکەشی ئیبراهیم شوان تەمەن 21ساڵ، لەهەولێرەوە بۆ سەردانی هاتبوە کەرکوک.
هێزە تەقەکەرەکە دۆسێیان بۆ کردوونەتەوەو سکاڵایان لەسەر تۆمارکردوون گوایە چاودێری گەنجەکانیان کردووە و چەکداربونە و رێگەی خۆڵیان بۆ هاتنە ژورەوەی کەرکوک بەکارهێناوە.. لەکاتێکدا گەنجەکان بەرێککەوت کەوتوونەتە بازگە کاتییەکەوەو راوەستاون و هیچ چەکێکشیان پێنەبوە.
بەفەرمانی لیوا کاوە غەریب فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک، پەڕاوی لێکۆڵینەوە لەروداوەکە کراوەتەوەو ئیفادە لە مەفرەزە ئەمنییەکە وەرگیراوە و بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە راگیراون.
یەکێتی بەتووندی هاتووەتە سەر خەت و لەیەکەم کاردانەوەدا پەرلەمانتار دیلان غەفور دەڵێت: لەگەڵ پۆلیسی کەرکوک و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر لەسەر هێڵم بۆ لێکۆڵینەوە و بەسزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی تاوانەکە.
بەپێی زانیارییەکان، کەسانی باڵا لەنێویاندا پەرلەمانتار هەن دەیانەوێت دۆسییەکە بەلاڕێدا بەرن و گەنجەکان وەک چەکدار بناسرێن.
رەنگە هەر ئەوەش وایکردبێت فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک پەیامێکی ئاگرین بڵاوبکاتەوە و تێیدا دەڵێت: هیچ دەنگێک لەسەروی دەسەڵاتی یاساوە نییە و سوورین لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا و لە کۆتاییدا ڕاستییەکان ڕوون دەبنەوە.