هييوا
هیوا حەسەن
پێش ساڵێک

لەسەروبەندی ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی پارێزگاکان ، حزب و لایەنە سیاسیەکانی کورد لەکەرکوک جموجۆڵە سیاسیەکانیان خستۆتە گڕ، تاکو ئێرە ئاساییە ، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە هەر لایەنەو بەپێی بەرژەوەندی حزبی خۆیان مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە ئەکەن بێ ئەوەی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و نەتەوەیی رەچاو بکەن ، ئەمە لەکاتێکدایە هەر هەموویان لەگوتارە سیاسیەکەیاندا باسی بەرژەوەندی گشتی و خاک و نەتەوە ئەدەن بە گوێی هاووڵاتیاندا.

 

هەرچەندە شەقامی کوردی لەکەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بێزارن و توڕەن لەم دەسەڵاتە ماوە بەسەرچووە ،بەڵام ئێمەی کەرکوکی هێشتا ئۆڤەرێکمان خستۆتە بەردەم لایەنە سیاسیەکان کە ئەگەر هەموویان دەست لەناو دەست و بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بکەن ئەوا ئەمجارەیش دەنگیان پێ ئەدەین و قەتماخەی برینی رابردووی دەستی ئەم دەسەڵاتە ناکولێنینەوە و لەبەر بەرژەوەندی کەرکوک ئەو جامە ژەهرەش ئەخۆینەوە.

 

سەرەڕای دڵسۆزی و لێبوردەیی خەڵک ،کەچی بەداخەوە زۆربەی هێزو لایەنە سیاسیەکان بەردەوامن لە عینادی خۆیان و بۆ تەنها جارێکیش گوێ لە داخوازیەکانی خەڵک ناگرن و بەروون و ئاشکرا یاری بە هەست و سۆزی خەڵکی بەش مەینەتی کەرکوک ئەکەن، ئەمە لەکاتێکدایە کە کەرکوک لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە لەدۆخێکی ناجێگیرو خراپدایە بەتایبەتی لەماوەی دوو مانگی رابردوودا بەئاشکراو بە بەرچاوی هەموو دونیاوە سوپای عێڕاق لەهەوڵی داگیرکردنی هەزاران دۆنمی زەوی جوتیارانی کوردو تورکماندایە لەخواروی کەرکوکدا ، کەچی لایەنە کوردیەکان بێ ئەوەی هەست بە بەرپرسیاری بکەن وەک ئەوەی نەبایان دیبێ نە باران حساب بۆ خەڵکی بەش مەینەتی ئەم شارە ناکەن و منەتیان پێیان نییە.

 

لێرەوە ئەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە ئەگەر بێ باکی و بێ خەمی لایەنە سیاسیەکان بەردەوام بێت و بەم عەقڵیەتەوە بڕۆنە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە لە کەرکوک ، ئەوا 18\12\2023 ئەبێتە رۆژی دۆڕاندنی کورد لەم شارە ، ئەمە لەکاتێکدایە کە لەدوای پرۆسەی ئازادییەوە لەهەموو هەڵبژاردنەکاندا کورد براوەی یەکەم بووە، بێگومان ئوباڵی دۆڕاندن و پێشهاتە خراپەکانی دوای هەڵبژاردنیش لە ئەستۆی حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردەو ئەوکات مێژوو رەحم بەکەس ناکات و پەشیمانیش دادیان نادات.