ahmad
ئەحمەد رەفیق
پێش ساڵێک

سەرەتا بە گلەییەک لە ستافی پڕۆتۆکۆلی بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەست پێدەکەم، چەند کۆبوونەوەیەکە بە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پیرمام-یشەوە، تێبینیم کردووە لە بری دەستەی کارگێڕی بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی کە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە پێشوازیی لە بەڕێز فازڵ میرانی لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دەکات، و لەگەڵیدا کۆدەبێتەوە، کە ئەوە هەڵەیەکی زەقی پڕۆتۆکۆلییە، و پێویستە هاوتاکەی لە حزبی بەرامبەر پێشوازی و کۆبوونوەوەکەی لەگەڵدا رێکبخات!

 

ئەوەی کە پەیەوەستیشە بە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پیرمام و توڕە بوونی بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانیی و دەرچوونی لەو کۆبوونەوەیە، پەیەوەندی بە لێدوانێکی سالار عوسمان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتییەوە هەبوو کە لە گەرمەی کۆبووەی نێوان یەکێتیی و پارتیی لە پیرمام هەندێک قسەی کاڵ و کرج و نا لۆژیکی دژ بە تەبایی و یەکڕیزی ناو ماڵی کورد کردبوو، کە ئەمە بۆ خۆی جێگەی پرسیارە بۆچی لەوەها کاتێکدا ئەو بەڕێزە لە بری قسەی خێر، ئاگر بە بەنزیندا دەکات!؟

 

ئەم بەیت و بالۆرەیەی کە هەندێک لە سەرکردایەتیی پارتیی ناوناوە دژ بە یەکێتیی دەیهۆننەوە گوایە؛ یەکێتیی بچووک بووەتەوە، و سەنگ و پێگەی جارانی نەماوە، و تاد.. ئەمانە قسەی سواوو نەزۆکن، بەر لە دەرکەوتنی تاقمی تیرۆریستی داعش، هەر ئەو ژمارە کەسەی ناو پارتیی کە بە داخەوە ئێستا تەپڵی شەڕی ناوخۆ لێدەدەن، هەمان قسەیان دەکرد، کەچی یەکێتیی و هێزەکەی نەبوایە نەک هەولێر، پیرمام-یش بە دەردی مەخمور دەچوو!

 

وێڕای کەم و کورتییەکان، پارتیی و یەکێتیی دوو هێزی کاریگەر و پێویستن بۆ ئێستای هەرێمی کوردستان، بۆیە هەر بیرکردنەوەیەک بە ئاراستەی سڕینەوەی ئەویتریان، لێکەوتەی ئێجگار مەترسیدار لە سەر ئاسایشی نەتەوەیی و پرسی کورد جێدەهێڵێت، لەم سۆنگەیەوە تەبایی و یەکڕیزی ناو ماڵی کورد بە تایبەت لەم قۆناخەدا کە ئاڵنگاری گەورە و مەترسیدار لە بەردەم کوردایە بە تایبەت لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، زەرورەتی تەبایی و یەک گوتاری یەکێتیی و پارتیی زیاتر دەکات.