PLUS4
پێش ساڵێک
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەکۆبونەوەکانی بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بەپەلە بۆ دۆخی کارەبا، بەتایبەت کە لەشارەکانی باشور دەنگی ناڕەزایەتی بەرزبوەتەوەو بەهۆی نەبونی کارەباوە نرخی یەک قاڵب سەهۆڵ گەیشتووەتە 10 هەزار دینار.
بەپێی راگەیاندراوێکی نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆک وەزیران، لەکۆبونەوەکاندا داوایکردووە بەپەلە جێگرەوەیەک بدۆزرێتەوە بۆ قەیرانی بڕینی غازی هاوردەی ئێران کە بەهۆی سزاکانی ئەمەریکا و پابەندنەبونی عێراق بەدانەوەی شایستەکانی ئێران بەپێی رێککەوتنەکەی ساڵی 2018 وایکردووە دابینکردنی غازی ئێران بۆ زیاتر لە نیوە کەمبکرێتەوە و کاریگەری خراپی لەسەر سیستمی بەرهەمهێنانی کارەبای نشتیمانی دروستکردووە.
سەرۆک وەزیران لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە میکانیزمێک بۆ جێگرەوەی ئەو دۆخە خراپە بدۆزنەوە لەوانە سوتەمەنی بە خۆڕایی بۆ موەلیدە ئەهلییەکان دابینکەن یاخود بەنرخێکی رەمزی پێیان بفرۆشرێت.
وەزارەتی نەوتیشی راسپارد پەلە بکات لە تەواوکردنی رێکارەکانی وەبەرهێنانی کۆمپانیا جیهانییەکان لەبەرەوپێشخستنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی ووزە، و هەوڵەکانی چڕبکاتەوە بۆ هاوردەکردنی غازی تورکمانستان.