مكافحة
Plus4
berî 1 saet

دەزگای دژەتیرۆر دان بە شەهیدکردنی دوو گەنجەکەدا دەنێت بەبێ داوای لێبوردن

دەزگای دژەتیرۆری عێراق لەبەیاننامەیەکدا دان بە شەهیدکردنی دوو هاوڵاتیدا دەنێت لەئۆپراسیۆنەکەی ناحیەی پردێ بەڵام داوای لێبوردن ناکات جکە لە دەستەواژەی ( نیگەرانی ).

دەقی راگەیەندراوەکەی دژەتیرۆر:

ئەم ئۆپەراسیۆنە لە چوارچێوەی ئەرکی نیشتمانیی دەزگاکەماندایە بۆ ڕاوەدوونانی پاشماوەی تیرۆریستان و پوچەڵکردنەوەی پلانەکانیان کە ئامانجیان بەئامانجگرتنی هاووڵاتیان و هەڕەشەکردنە لە ئاسایش و سەلامەتییان.

هێزێکی دەزگاکەمان توانییان ڕاوەدووی دوو پاشماوەی تیرۆریستی بنێن لە یەکێک لە ناوچە نیشتەجێبوە قەرەباڵغەکان بە هاوڵاتیان، کە یەکێکیان پشتوێنی خۆکوژیی بەستبوو و ئەوی دیکەشیان چەکدار بوو، بە نیازبون کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن و هاوڵاتیانی ناوچەکە بکەنە ئامانج.

لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکی هێزەکەدا بۆ ڕێگریکردن لە تیرۆریستەکان، ڕووبەڕووبوونەوە ڕوویدا و لە ئەنجامدا یەکێک لە تیرۆریستەکان کوژرا و ئەوی دیکەش دەستگیرکرا.

بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەکەوە دوو هاووڵاتی شەهید بوون و چوار کارمەندی دەزگای دژەتیرۆریش بریندار بوون.

دەستبەجێ دوای روداوەکە و بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش پێکهێنرا، هەروەک سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆر ڕێنمایی دا بە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە و دەستنیشانکردنی کەمتەرخەمەکان.

دەزگای دژەتیرۆر (نیگەران)ی قووڵی خۆی دەردەبڕێت بۆ ئەو زیانەی بەر هاوڵاتیان کەوتووە، و سەرەخۆشی و هاوسۆزیی قوڵی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری هەردوو شەهیدەکە دەکات، لە خوای گەورە داواکارە بە بەزەیی خۆی شادومانیان بکات و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازێت.

دەزگاکەمان دووپاتی دەکاتەوە کە پاراستنی هاوڵاتیان و پاراستنی گیان و سەلامەتییان لە پێشەنگی ئەرکەکانیاندایە، و پابەندە بە یاسا و ڕێساکانی بەرقەرار و بەرپرسیارێتی نیشتمانی و پیشەیی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا، هاوکات بە پەرۆشە بۆ ئاشکراکردنی تەواوی ڕاستییەکان و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست لەسەر تیشکی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە.

دەزگای دژەتیرۆر
١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦