plus4
پێش ساڵێک
دەقی راگەیاندراوەکەی باوکی خواناس:
"بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
رونکردنەوەیەک لە بنەماڵەی کۆچکردو خواناس وریا گلی..
لە بەرواری ٢٢\٦\٢٠٢٣، لە دەوروبەری کاتژمێر ٥:٣٠ دەقیقە و بە ڕۆژی رووناک بە بەرچاوی خەڵکەوە لەناو ئاپۆڕای بازاڕی شاری چەمچەماڵ بە دەستڕێژی گولە کوڕەکەمان تیرۆرکرا، ئەمە بەلای ئێمەوە کارێکی ناڕەوا و بێ پاساوە، بۆیە بە بیستنی هەواڵەکە تووشی شۆک بووین، چۆن دەکرێت لەناو قەرەباڵغی ئاپۆڕای باڕاڕی شار بە ڕۆژی ڕووناک بە بەرچاوی خەڵکەوە کەسێک دەستی بچێت لە خوێنی کوڕەکەمان، بۆیە لێرەدا ئێمە وەک بنەماڵەی کۆچکردو سەبارەت بەم رووداوە ئەم خاڵانە بۆ ڕای گشتی دەخەینەڕوو:
١. بنەماڵەی ئێمە بنەماڵەیەکی ئاینی و ڕۆشنبیری، دیاری شاری چەمچەماڵ و دەڤەری کەرکوکە جگە لە دەستی خزمەت لە شارەکە، لە هیچ کاتێکدا هیچ خراپە و کێشەیەکمان بۆ هیچ کەس نەبووە و کێشەمان لەگەڵ کەسدا نییە و لەگەڵ بکوژ و بنەماڵەکەشیدا هیچ کێشەیەکمان نەبووە.
٢. ئەو کوڕە کوڕی ئێمەیە و حاشای لێناکەین، ئێمە وەکو خانەوادە شانازی دەکەین بە پابەندبوونمان بە ئاینی ئیسلامەوە، ناشمان ئەوێت کەس گومان لەسەر ناسنامەی ئاینیمان و پەبەندبوونمان بە ئاینەوە بۆ دروست بکات، کوڕەکەمان هەر بیروبۆچونێکی هەبوبێت، بەهەڵچوونی گەنجی و کاتیمان زانیوە و ئامۆژگاریی بەردەوام کراوە و چەند مانگێکە لەسەرخۆ ڕووەو بیر و باوەڕی جارانی ئاراستەی وەرگێڕابوو و دڵمانخۆشبوو بەوەی ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەو دەرفەتەی بۆ نەڕەخسا.
٣. کوڕەکەمان هەر جۆرە بیرکردنەوەیەکی هەبێت تازە حسابی لە دونیادا پێچراوەتەوە بۆ قیامەت، ئێستا ئەسپەردەی لای خودایە و نزامان لێخۆش بوونیەتی لای پەروەردگا.
٤. جەخت لەوە دەکەینەوە دوای ئەوەی ئەمڕۆ ڕێکاری یاساییمان گرتەبەر، لە ئێستادا ئەم کەیسە، کەیسێکی یاساییە و لە دەست پۆلیس و دەزگا ئەمنیەکانە. بۆیە هیوادارین ئەوان بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەڵبستن چی رێکارێکی یاسایی هەیە بیگرنەبەر. ئێمە کەیسەکەمان داوەتە دەست یاسا، داواکارین یاسا دادپەری بۆ خاوەن ماف بگەڕێنێتەوە، لە نوێترین پێشهاتیشدا ئاگادارکراوینەتەوە کە ڕادەستی ئاسایش کراوە.
٥. سەبارەت بەوەی کە هۆکاری ڕووداوەکە چیە ئێمە هیچ شتێک لە خۆماندا شک نابەین و هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتیمان نییە، ئەوە پۆلیس و دەزگا ئەمنیەکانە پێویستە لێکۆڵینەوە بکەن و هۆکارەکەی ئاشکرا بکەن بۆ ڕای گشتی.
٦. تکامان وایە لە هەموو لایەک بە تایبەت دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ماڵپەڕ و پەیچ ئەکاونت و کەناڵەکانی سۆشیاڵ میدیا، لە خۆوە لێدوان و ڕاپۆرتی بێ زانیاری بڵاونەکەنەوە، هێندەی تر ڕووحی برینداری ئێمە ئازار مەدەن.
٧. ئێمە ئەم ڕوداوە بە تیرۆرێکی بێ پاساو کوشتنێکی ناڕەوا دەزانین، لەهەمان کاتیشدا پێمان وایە وەڵامی وتن و قسە بە فیشەک نادرێتەوە، ئەمە ئەگەر پاساوێکی وەها بوونی هەبێت کە ئێمە ئاگاداریی نین.
لەکۆتاییدا دیسانەوە جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئێمە کەیسی تیرۆری کوڕەکەمان بە یاسا سپاردوە هیوادارین لەم کەیسەدا یاسا و دام و دەزگاکانی جێبەجێکردن کاری خۆیان ئەنجام بدەن و دادپەروەریمان بۆ بەدیبهێنن."