محەمەدی حاجی مەحمود
plus4
پێش ساڵێک

جه‌ماوه‌ری تێكۆشه‌ری كوردستان

هێزو لایه‌نه‌سیاسییه‌كان

كه‌سایه‌تییه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان

كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان

ده‌زگاو ئۆرگانه‌ شه‌رعی و یاساییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان

له‌ئێستادا (سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكایه‌تی په‌ڕله‌مانی كوردستان و سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دادگاكان و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری) ئێوه‌ به‌رپرسیارن له‌زیاتر له‌‌نیوسه‌ده‌ی‌ خه‌باتی پڕخوێناوی نه‌ته‌وه‌ی كوردو 182,000 شه‌هیدی ئه‌نفال و زینده‌به‌چاڵكردنی كورد له‌ بیابانه‌كانی عه‌رعه‌رو نوگره‌سه‌لمان و ناسریه‌و سه‌ماوه‌و بیابانه‌كانی خواروی عێراق، كه‌ڕژێمی عێراق بۆ كوشتن و زینده‌به‌چاڵكردنی هاونیشتمانیانی كورد، خاكی كوردستانیشیان به‌شه‌هیدان ڕه‌وا نه‌بینی‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئێسك و پروسكیشیان نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ خاكی باوباپیریان كه‌ هه‌رێمی كوردستانه‌، 8000 شه‌هیدی بارزانییه‌كان و 5000 شه‌هیدی‌ به‌گازخنكێنراوی هه‌ڵه‌بجه‌و سێوسێنان و دۆڵی جافایه‌تی و گۆپته‌په‌و قه‌ڵاسێوكه‌و شێخ وه‌سانان و دۆڵی بالیسان و بادینان و هه‌زاران شه‌هیدی پێشمه‌رگه‌ی سه‌نگه‌رو هاووڵاتی و وێرانكردنی زیاتر له‌ 4500 گوندو شارو شارۆچكه‌ی كوردستان و ته‌قاندنه‌وه‌ی قوتابخانه‌و نه‌خۆشخانه‌و مزگه‌وت و كانیاوه‌كان و ئه‌شكه‌وت و جێگا پیرۆزه‌كانی كوردستان ، هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌رپرسیارێتی هێزو لایه‌نه‌سیاسییه‌كانه‌و له‌ئه‌ستۆی كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌ت و په‌ڕله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و هه‌موو تاكێكی ئه‌و ووڵات و هه‌رێمه‌یه‌.

پێویسته‌ ژیانی ژێرده‌سته‌یی و زه‌لیلی و كۆیلایه‌تی قبوڵ نه‌كرێت، هه‌روه‌ك تێكۆشه‌رانی مێژوی میلله‌ته‌كه‌مان مردن له‌پێناوی ئازادی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی هه‌ڵبژێرن و چاوێك به‌هه‌موو شه‌هیدان و كه‌مئه‌ندام و ‌بنه‌ماڵه‌كانیان بخشێننه‌وه‌ كه‌له‌پێناوی كوردایه‌تییدا گیانیان به‌خشیوه‌ به‌خاكی پیرۆزی كوردستان.

بۆیه‌ هه‌رچی زووه‌ په‌له‌ بكرێت له‌ ئه‌نجامدانی كۆبونه‌وه‌یه‌كی فراوانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان و پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نێكی سیاسی بۆ كۆكردنه‌وه‌‌ی هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كان و كه‌سایه‌تییه‌ نه‌ته‌وه‌یی و به‌ئه‌زمونه‌كان و ئه‌كادیمیستان و ڕۆشنبیران و دڵسۆزه‌كانی كوردستان له‌پێناوی دروستكردنی یه‌كهه‌ڵوێستی سیاسی و به‌رنامه‌ڕێژی بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان، كۆبونه‌وه‌كه‌ش له(‌باره‌گای په‌ڕله‌مانی كوردستان بێت یان له‌مه‌زاری شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌ یان له‌گوڵه‌خانه)‌ یان له‌هه‌ر جێگایه‌ك كه‌گونجاوبێت، ئێمه‌ جێگاو ڕێگای كۆبونه‌وه‌كه‌ ئاماده ‌ده‌كه‌ین.

ئەوەی ئەمڕۆ لە ژیاندایە لە کوردستان و لە دایک دەبێت، تا 100 ساڵی دیکە کەسی نامێنێت، مرۆڤ یەقینە هەمووی ئەمرێت، مردنێکی سەربەرزانە لە پێناوی نەتەوەو خاک و نیشتیماندا مردنێکی سەربەرزانە هەڵبژێرین نەک مردنێکی داماوانە و زەلیلانەی ناو جێگا.

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود

20ی حوزه‌یرانی 2023

گوڵه‌خانه