ئەحمەد رەفیق
پێش ساڵێک
دوو ساڵ زیاترە جێنین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق، لە بۆنە رەسمی و نا رەسمییەکاندا هۆشداری ئەوە بە کورد دەدات؛ کە قەوارەی هەرێمی کوردستان لە بەردەم مەترسیدایە!
لە لایەکی دیکەوە بڕیار و راسپاردەکانی دادگەی باڵای فیدڕاڵی، مژدەی خۆشیان بۆ دەسەڵاتدارانی کورد پێ نییە، ئەوەتا سەبارەت به دۆسییەی هەناردەی نەوتی هەرێم، ئاماژەی باش بە دەستەوە نادەن و تەواوی پڕۆسەکەشی بە نادەستووری ناساندووە. دوا بڕیاریشی بە نایاسایی ناساندنی سەرجەم بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عیراق بوو سەبارەت بە ناردنی دوو سەد ملیار دینارەکە بۆ هەرێم، بە دووری نابینم شتی دیکەش بە دوایدا بێت!
هەروا هاتنە کتوپڕەکەی برێت مەکگۆرک-یش بۆ هەرێمی کوردستان، و کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکانی لە گەڵ؛ سەرۆکی هەرێم، و سەرۆکی یەکێتیی، و سەرۆکی پارتی، رەنگە پەیوەندی بە هەمان ئەو هۆشدارییانەوە هەبێت کە پێشتر پلاسخارت رایگەیاندبوو!
بە گوێرەی گێڕانەوەکان ئەو کاتەی کە لەشکری عوسمانلی بە سەرکردایەتیی (محەمەدی دووەم) گەمارۆی کوستەنتینییەی پایتەختی ڕۆمە بێزەنتییەکانی داوە، ئەنجومەنی پیرانی بێزەنتە کە لە شوێنی پەرلەمانی ئێستا بووە، سەرگەرمی چەلەحانیەیەکی لاهوتی چەند هەفتەیی بووە، لەسەر ئەوەی کە ئاخۆ فریشتەکان (نێر)ن یاخود (مێ)؟ وێڕای ئەوەش سەرقاڵی ساغکردنەوەی "قەبارەی ئیبلیس" بوون، ویستویانە بزانن ئاخۆ ئیبلیس هێندە گەورەیە کە لە هیچ شوێنێکدا شوێنی نابێتەوە، یان ئەوەندە بچوکە کە بە کونی دەرزیشدا تێدەپەڕێت!؟
سەرەڕای تکا و رجای چەند بارەی (ئیمپڕاتۆر/کوستەنتینی یازدە) کە دەست لەم چەلەحانیەیە هەڵبگرن و باچکی مەردایەتی لێ هەڵکەن و بچن بەرگری لە وڵاتەکەیان بکەن، بەڵام کەس بە گوێی ئیمپراتۆر ناکات!
ئەنجومەنی پیران هێشتا هەر سەرگەرمی چەلەحانییەکەی خۆیان بوون، لە پڕ لەشکری عوسمانلی لە بەرەبەیانی ساڵی ١٤٥٣ی زاینیدا پەلاماریان دەدا و دەڕژێنە نێو شەقامەکانی شار و ناو هۆڵی ئەنجومەنی پیران و کوستەنتینییە داگیر دەکەن، و راستەوخۆ ئیمپراتۆریش دەکوژن.
هەر لەو کاتەشەوە ناوی کوستەنتینییە بۆ (ئیسلامبوڵ-ئەستانە-ئیستەنبوڵ) دەگۆڕن، و محەمەدی دووەمیش بە (محەمەدی فاتیح) ناوزەند دەکرێت.
بیهێنە پێش چاوی خۆت، دۆخی ئێستای کورد چەند بەو رۆژگارەی سەردەمی کوستنەنتینییە دەچێت؟ بە کورتی و پوختی سوپڕایزێک بە رێوەیە، زەرەر و قازانجەکەی لە لای کورد خۆیەتیی، ئەگەر مامەڵەی باش بکات، ئەوە باش دێتە رێی، بە پێچەوانەوە روووبەڕووی مەترسی جددیی دەبێتەوە.