plus4
پێش ٢ ساڵ
گەنجێك لەناوچەیەكی بەغدا دوای ئەوەی چەند جارێك دەچێتە داوای كچە پورێكی و نایدەنێ، بە بۆمبی تەوقیتكراو ماڵیان دەتەقێنێتەوە و كوڕە پورەكەشی دەكوژێت.
گۆڤاری فەرمی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لەدوایین ژمارەیدا باس له چیرۆكەكە دەكات و دەڵێت: لە ناوچەیەكی باشوری رۆژهەڵاتی بەغدا تاوانێكی ترسناك رویدا و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی تەنی.
دەشڵێت: لەدانپێدانانی كەسوكاری قوربانێكەدا دەركەوت كە ئەنجامدەری تاوانەكە چەند جارێك هاتووەتە داوای كچەكەیان كە ( كچی پورێتی ) بەڵام رەتیانكردووەتەوە بەو پێیەی لەئاستی یەكتردا نین چونكە كچەكەیان بڕوانای ماستەری هەبووە بەڵام كوڕە خاڵۆزاكەی هیچ بڕوانامەیەكی خوێندنی نەبووە.
تاوانبارەكەش لەبەردەم دادوەردا نەیشاردووەتەوە كە بەهۆی ئەوەی كچەكەیان پێینەداوە، ماڵی پوری تەقاندووەتەوە.
وتوێتی، دوای ئەوەی زانیم كچەكەم نادەنێ، چومە ماڵیانەوە و بۆمبێكی تەوقیتكراوم لە ژوری كوڕەكەیاندا چاند، بۆ رۆژی دواتریش كاتژمێر 12:30خولەكی نیوەڕۆ كاتێك كوڕه پورزاكهم لەژورەكەی سەرقاڵی خۆئامادەكردن بوو تاوەكو وەرزش بكات، لەرێگەی مۆبایلەوە بۆمبەكەم تەقاندەوە و بەهۆیەوە پورزاكەم پارچە پارچە ببوو.
گۆڤارەكە ئاماژە بۆ ئەوەدەكات كە بەپێی راپۆرتەكانی هەواڵگری، تاوانبارەكە پەیوەندی لەگەڵ گروپی تیرۆریستی داعش هەبوە و هەر لەلایەن ئەو گروپەشەوە لەسەر تەقاندنەوەی بۆمب راهێنراوە.
بەپێی ئەو بەڵگانەی دەستی دادگا كەوتووە و دانپێدانانەكان، تاوانەكەی لەسەر ساغبوەتەوە و چاوەڕێ دەكرێت بە پێی مادەی 406ی كوشتنی بەئەنقەست، سزای لەسێدارەدان بەسەریدا بسەپێنرێت.