بةرةي توركماني
plus4
پێش ٢ ساڵ

 

ئەگەر لەرابردوودا کۆبونەوەی سەرۆکی بەرەی تورکمانی و هەواڵگری تورکیا لەئەنقەرە بوبێت ئەوە چیتر لەهەولێرو بەئاشکرا ئەنجام دەدرێت.
 
بۆ یەکەم جار وێنەی کۆبونەوەی هاکان فیدان راوێژکاری دەزگای هەواڵگری تورکیا لەگەڵ سەرۆک وسەرکردایەتی بەرەی تورکمانی بەئاشکرا بڵاودەبێتەوە.

 

کۆبونەوەکە لەهەولێرەو ئامادەبوانیش بەناوە سەرۆک و سەرکردایەتی حزبێکی تورکمانی عێراقین و زۆربەشیان کەرکوکین.

 

ئەگەرچی لای هەموان ئاشکرایە بەرەی تورکمانی لۆبی تورکیان لەنێو عێراق و هەرێمی کوردستان و مەرجەعی سەرەکیان ئەنقەرەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەرگیز وێنەی سەرکردایەتی ئەو حزبە بەئاشکرا لەگەڵ دەزگای هەواڵگری ئەو وەڵاتە بڵاونەکرابوەوە.

 

تەوقیتی کۆبونەوەکەش هاوکاتە لەگەڵ ناکۆکییەکانی نێوان حەسەن تۆران سەرۆکی بەرەی تورکمانی و ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی پێشوو و پەرلەمانتاری تورکمان کە گەیشتووەتە بنبەست، لەکاتێکیشدایە چالاکییەکانی تورکیا لەخاکی هەرێم چڕتر دەبێتەوەو چوارچێوەی هەماهەنگیش لەدانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەت، تورکمانی پشتگوێ خستووە.

 

 
هەربۆیە چاودێرانی سیاسی لەپشت بڵاوکردنەوەی بەمەبەستی وێنەکان چەند پەیامێک دەخوێننەوە. 
 
یەکێک لەپەیامەکانی سەرۆکی دەزگای میت، بەهێز نیشاندان و پاڵپشتییە لە حەسەن تۆران سەرۆکی ئێستای بەرەی تورکمانی لەبەرانبەر ئەرشەد ساڵحی کە جموجۆڵەکانی وەک پەرلەمانتار بۆ لاوازکردنی بەرەیە.
 
دەرکەوتنی ماردین کۆک کایا سەرۆکی دراساتی ستراتیژی و گویلەن ئەحمەد کاندیدی دەرنەچوو و محەمەد سەمعان سەرۆکی بەشی رێکخستنەکانی ئەو حزبە، واتای ئەوەدەدات بەشێکی گرنگی کۆبونەوەکە تاوتوێکردنی دۆخی ناوخۆیی بەرەی تورکمانی و شاری کەرکوک بوە.
 
بەتایبەتیش کە ئەنجامدەرانی تیرۆرکردنی مامۆستا شەماڵ لەکفری و ژنە چالاکوانی باکوری کوردستان لەسلێمانی ئاشکرابون کە تورکمانن و چەند کەسێکیان لەلایەن دژەتیرۆری عێراق و ئاسایشی سلێمانیەوە دەستگیرکراون.
 
یەکێکی دیکەش لەپەیامەکان خۆ بەخاوەنزانینی بەرەی تورکمانیە بەتایبەت کە لەئێستادا چوارچێوەی هەماهەنگی لەدانوستانەکاندا پشتگوێی خستوون.. هاوکات کۆبونەوەی ئاشکرا لەگەڵ بەرەی تورکمانی حساب نەکردنە بۆ حکومەتی عێراق.
 
بەڵام هێشتا روون نیە لەکۆبونەوەکەدا چی پیلانێک خراوەتە بەرباس و چۆن لەبارەی دۆخی کەرکوکەوە دواون.