هاورێ
plus4
پێش ٢ ساڵ

 هاوڕێ ئەنوەر، دوای مردنی باوكی بەهۆی دروستبونی ناكۆكی لەسەر بەشە میرات لەگەڵ دایكیدا، بۆی دەردەكەوێت لە بنەڕەتدا هەڵەبجەییە و لەدوای كیمیبارانكردنی شارەكەوە دۆزراوەتەوە و بە ژن و پیاوێكی كەركوك بەخشراوە.

چیرۆكە ناخ هەژێنەرەكەی هاوڕێ ئەنوەر

 

هاوڕێ لەلێدوانێكیدا تایبەتدا بۆ plus4 تەواوی نهێنیەكانی ژیانی خۆی ئاشكرادەكات و دەڵێت: دوای كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، تەمەنی دوو ساڵ و نیو بوە كاتێك لە لایەن سەربازێكی عێراقیەوە دەدۆزرێتەوە و دەگوازرێتەوە بۆ خانەی بێ سەرپەرشتیاران لە كەڕادەی رۆژهەڵاتی بەغدا.

 

بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی دەستی (هاوڕێ) كەوتووە، لە 30ی ئابی 1988 بەبڕیاری دادگای بەغدا، (هاوڕێ) دەبەخشرێتە ژن و پیاوێكی كوردی كەركوك و ناسنامەكەشی بە ناوی ئەوانەی بۆ دەردەهێنرێت.

 

لەدوای مردنی باوكیشی، تەواوی ناسنامە و بەڵگەنامەكان كە دەیسەڵمێنن بەو خێزانە بەخشراوە، لەئۆتۆمبێلەكەی باوكیدا دەستی (هاوڕێ) دەكەوێت.

 ناكۆكی له‌سه‌ر به‌شه‌ میرات.. ناسنامه‌ی راسته‌قینه‌ی هاوڕێی ئاشكراكرد

لە 9ی حوزەیرانی 2021 دوای ئەوەی "ئەنوەر" كۆچی دوایی دەكات ( باوكه بەخێوكەرەكەی هاوڕێ ) ناكۆكی لەنێوان هاوڕێ و دایكیدا بەسەر بەشە میرات دروست دەبێت بەهۆیەوە تەواوی نهێنیەكان ئاشكرا دەبن كە ئەوان باوك و دایكی راستەقینەی هاوڕێ نین بەڵكو بەخێوكەرن و هاوڕێ لەراستیدا هەڵەبجەییە، ( هاوڕێ وای وت )

 

هاوڕێ ئێستا لەهەڵەبجەیە و بەدوای كەسوكاریدا دەگەڕێت، بەوتەی خۆی ئاسۆ مامەند لێپرسراوی كەركوك – سەڵاحەدینی یەكێتی پارێزەری بۆی دابینكردووە، وەهاب هەڵەبجەییش خەرجی پشكنینەكانی گرتووەتە ئەستۆ تاوەكو لەئەوروپا ئەنجام بدرێت، رێبوار تەها و لیوا چەتۆیش رێوشوێنە قانونی و حكومیەكانیان گرتووەتە ئەستۆ، ئەو ستاییشی هەوڵەكانی نوخشە ناسیح قایمقامی هەڵەبجە و تەواوی بەرپرسانی ئەو پارێزگایە دەكات كە هەمویان بە دۆسێكەیەوە سەرقاڵن.