ناشناڵ نیوز
berî 3 saet
عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق فەرمانیكردن بەهەڵوەشاندنەوەی سێ گرێبەستی فڕۆكەخانەی موسڵ بەگومانی بونی پەیوەندی لەنێوان كۆمپانیای بەڕێوەبەردنی كارەكان و گروپە چەكدارەكان.
رۆژی شەممە، عەبدولقادر دخیل پارێزگاری نەینەوا لەدوای كۆبونەوەی خۆی و رائید حەمید سەرۆكی دادگای تێهەڵونەوە لەگەڵ زەیدی لەبەغدا، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەو سێ كۆمپانیایەی راگەیاند.
بەوتەی پارێزگاری نەینەوا، گرێبەستەكان بۆ خزمەتگوزاری كرێگرتنی كۆنتێنەرەكان، پاركینگی وەستاندنی ئۆتۆمبێلەكان و ئۆفیسی تاكسییەكانی نێو فڕۆكەخانەكان، لەدوای هەڵوەشاندنەوەشیان، سەرۆك وەزیران بڕیاریداوە بدرێنە كۆمپانیا نێودەوڵەتییە متمانەپێكراوەكان.
دخیل ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە كە پێشتر وەزارەتی گواستنەوە بەبێ پرسكردن بەئیدارەی پارێزگاكە، ئەو گرێبەستانەی ئەنجامداوە.
تۆم باراك نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ عێراق پێشوازی لەهەنگاوو بڕیارەكەی زەیدی كرد، و لەتۆڕی ئێكس نوسیوێتی:" زەیدی بەم هەنگاوەی رایگەیاند كە ئایندەی عێراق بۆ گەلەكەیەتی نەك ئەو گروپە چەكدارانەی لەدەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت كار دەكەن."
ئەم هەنگاوە ئەوەندەیتر گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان عەلی زەیدی و گروپە چەكدارەكان تووندتر كردەوە.
لەنوێترین راگەیاندراوی گروپی حیزبوڵادا، رەتیدەكاتەوە هیچ پەیوەندییەكیان بەو كۆمپانیایانەوە هەبێت.





