ئاژانسی هەواڵی plus4
berî 58 deqîqe
تارق مەندەلاوی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاسایی لەدەزگای شەهیدانی عێراق رایگەیاند: 22 هەزار و 41 حاڵەتی ساختەكاری لەمامەڵەكان ئاشكرا بوە كە بوەتە هۆی بەهەدەردانی 3 ترلیۆن و 2 ملیار دینار.
وتیشی، 34 هەزار و 200 وەفاتنامە بەبێ بونی تەرم دەرهێنراوە، 20 هەزار وەفاتنامەیان لەئەنبارە و 14 هەزار و 200یشیان لەپارێزگاكانی ترە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو كە لەلێكۆڵینەوەكاندا دەركەوتووە شەهیدانە بۆ 2 هەزار و 305 تیرۆریست و 471 بەعسی دەركراوە لەگەڵ هەزار و 331 حاڵەت كە شەهیدانە نایانگرێتەوە.
بەوتەی مەندەلاوی، لەئێستادا دەزگای شەهیدان بەهەماهەنگی لەگەڵ دەستەی خانەنشینی نیشتیمانی دەستیانكردووە بەگرتنەبەری رێوشوێنەكان بۆ دۆزینەوەی ساختەكاران و دۆسییە وەهمییەكان بەمەبەستی گەڕانەوەی ئەو پارانەی بەهەدەر دراون.
دەزگای شەهیدان لەئێستادا لیستی ناوی ئەو تۆمەتبارانەی لەساختەكارییەكاندا تێوەگلاون، رادەستی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و دەزگای ئەمنییەكانی كردووە لەهەموو پارێزگاكان تاوەكو فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچێت و روبەروی دادگا بكرێنەوە.




