ئاژانسی هەواڵی plus4
berî 2 saet
رۆژنامەی شەرق ئەوسەت نهێنییەكی ترسناك ئاشكرا دەكات و دەڵێت: ئەو تەقینەوەیەی لە2ی مانگ لەنێو سەربازگەی تاجی رویدا، بەهۆی درۆنێكەوە بوە كە كۆگای تۆپ و تەقەمەنییەكانی فیرقەی نۆی زریپۆشی كردووەتە ئامانج و بەتەواوی لەناویبردووە.
بەپێی راپۆرتی رۆژنامەكە، 50 هەزار گولە تۆپی تانكی ئەبرامز لەكۆگاكەدا تەقێندراوەتەوە كە تەقەمەنی سەرەكی یەكێك لەگرنگترین یەكە جەنگییەكانی سوپای عێراق بوە.
ئەفسەرێكی سوپای عێراق زانیارییەكی هەستیاری داوەتە رۆژنامەكە و وتوێتی: یەكەی نۆی زریپۆش هەموو تەقەمەنییەكانی لەو تەقینەوەیەكدا لەدەستداوە و ئێستا جگە لەو گولە تۆپ و تەقەمەنیانەی لەنێو تانكەكاندایە، یەك گولە تۆپی تری تانكی نەماوە.
تەقینەوەكە پاش نیوەڕۆی رۆژی 2ی ئابی 2026 رویدا، ئەو كاتە شانەی راگەیاندنی ئەمنی هۆكارەكەی بۆ بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما گەڕاندەوە.
بەڵام لەراپۆرتەكەی ( شەرق ئەوسەت ) ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە درۆنێكی نەناسراو بەشێوەیەكی خۆكوژی خۆی بەكۆگای تەقەمەنییەكانی یەكەی نۆی زریپۆشدا تەقاندووەتەوەو بەهۆیەوە گڕی گرتووە.
فیرقەی نۆی زریپۆش لەساڵی 1975 دامەزرا و ساڵی 1982 هەڵوەشایەوە، ساڵی 2004 جارێكیتر دامەزرێندرایەوە.
بارەگای سەرەكی یەكەكە كەوتووەتە سەربازگەی تاجی لەباكوری بەغدا، ئەركی ستراتیژی جێبەجێ دەكات.
ئەم یەكەیە پشت بە تانكی جۆری ئەبرامز و زریپۆشی گواستنەوی سەرباز لەجۆری ئێم 113ی ئەمریكی دەبەستێت.
رۆژنامەكە ئەوەش دەخاتەڕوو كە ژمارەیەك ئەفسەرو سەربازی یەكەكە كە لەئەركدا بونە، دەستگیركراون بەتۆمەتی كەمتەرخەمی لەئەركەكەیاندا.
ئەمڕۆیش میقداد میری لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا تەئكیدی كردەوە كە بەكارهێنانی هەموو جۆرە درۆنێك بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی پێشوەختە، وەك تیرۆر مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت.




