کوژران
Plus4
berî 1 saet

ژنێکی کوردو کچە 15 ساڵەکەی لەلایەن بەرپرسێکی ئەفغانستانەوە کـ.ـوژران

 

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند: بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی تاڵیبان لەویلایەتی سەرپێڵ لەئەفغانستان، ژنێکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان و کچە تەمەن 15 ساڵانەکەی بەتەقەی ڕاستەوخۆ کوشتووە.

 

ئەم ڕووداوە دوای ئەوە هات ئەو ژنە کوردە ڕەتیکردبووەوە کچەکەی هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو بەرپرسەی تاڵیبان بکات.

 

ڕووداوەکە لەقەزای کۆهستاناتی ئەفغانستان ڕوویداوەو بکوژەکە ناوی (موفتی محەمەدوڵڵا)یەو بەرپرسی فەرمانگەی حەج و ئەوقافی تاڵیبانە لەو ناوچەیە.

 

قوربانییەکان ناویان (چیمەن حوسێنزادە) دایکەکەو (سارا یوسفی)ی کچە 15 ساڵانەکەن، تائێستا بزووتنەوەی تاڵیبان هیچ لێدوانێکی فەرمیی لەسەر ڕووداوەکە نەداوە، بەڵام زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە تۆمەتبارەکە پاش ڕووداوەکە دەستگیرکراوە.

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار بەتۆڕەکەی ڕاگەیاندووە، چیمەن حوسێنزادە نزیکەی 20 ساڵ پێش ئێستا هاوسەرگیری لەگەڵ هاووڵاتییەکی ئەفغانی کردووەو لەو قەزایە نیشتەجێبووە، لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە بە (بیبی چەمەنگوڵ) ناسراوەو وەک پەرستارێکی ناوخۆیی کاری کردووە.

 

بەرپرسەکەی تاڵیبان ویستوویەتی بەزۆر هاوسەرگیری لەگەڵ سارای تەمەن 15 ساڵ بکات، بۆ ئەو مەبەستەش هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵیان تا لەگەڵ خۆیدا بیبات، بەڵام دوای ئەوەی ڕووبەڕووی بەرگری و ڕەتکردنەوەی دایکی بووەتەوە، ئەو بەرپرسە دەستڕێژی فیشەکی لێکردوون و هەردووکیانی کوشتووە.