رێبوار
plus4
berî 2 saet

ئەو باوک و کوڕەی پارتییان حەڕاج کرد !

رێبوار کەریم وەلی

کە دوێنێ عەلی زەیدیی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراقی، سەرەتا سەردانی هەولێر و دواتر سلێمانیی کرد، هەموو تەرکیزی مێدیاییی پارتیی باوک و کوڕ کە گوایە لە سەر هەموو ئاستێک لە حکومەت و پەرلەمانی عێراق کشاونەتەوە، ئەوە بوو کە لە کوردستان، زەیدی یەکەمجار هاتۆتە هەولێر نەک سلێمانی! و لە هەولێریش یەکەمجار بارزانیی باوکی بینیوە نەک نێچیرڤان بارزانی!

*

ئینجا، دڵیان بەوە دانەمرکا و بە زەیدییان گوت کە ئەوە ئێمەین کە تۆراوین. دەچەمێینەوە بەس مەچنە سلێمانی…

*

کەچی زەیدی بە زیادەوە لە سلێمانی، ورد و درشتی حزبەکانی دیت. لە (هەڵوێست) ەوە بگرە تا (نون نون) و یەکێتی.

*

زەیدی ئەگەرچی وا وێنا دەکرێت کە هەڵبژێردروای چوارچێوەی هەماهەنگییە، بەڵام لە راستیدا، شازادەی راسپێردراوی فایەق زێدانە و راگەیاندنی کۆتاییی سەردەمی سەرکردە تەقلیدییەکانی وەک مالیکی، بارزانی، حەکیم، عەبادی و عامری و هاوکوفەکانیانە.

*

ئەو یانە نوێیەی عێراقی ئەمڕۆ بەڕێوە دەبەن، هێشتا یەکدوو کورسیی بەتاڵیان ماوە. زێدان، زەیدی، بافڵ و قوباد تاڵەبانی، خەزعەلی و حەلبوسییەکان، چاوەڕێن کە نێچیرڤان بارزانی و شیاع سودانیش ببنە یاریکەری سەرەکی.

*

راستە کە پارتی ماوە و هێشتا لە رووی ژمارەوە بەهێزە، بەڵام پارتی کاریگەریی جارانی نەماوە. جاران ئەگەر پارتی باسی کشانەوەی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا کردبایە، هەموو لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکان شۆک دەبوون و ئینجا دەستەوداوێنی کە ئەو کارە نەکات! کەچی ئێستا بوون و نەبوونی لە بەغدا وەک یەکە و، تەمەننا دەکات یەکێک دەرگای حیواڕی بۆ بکاتەوە. بە دەردی برادەرێک دەیگوت، سەد تەنەکە ئاویش بخواتەوە، جگە لە حەمەی حاجی مەحمود، کەس پێی ناڵێ عافێتت بێت!

 

هەر بۆیە و هەرچەندە کە پارتی خۆی وا پێشان بدات دەتوانێ بە سەنگ قورساییەوە بگەڕێتەوە بەغدا، بەڵام لە حەقیقەتدا، سەردەم گۆڕاوە و تەنانەت پێناچێ ئەمجارە وەزارەتی دەرەوەشی بدرێتێ و ئەگەر سودانی بێتە ناو یانەی بڕیاربەدەستە نوێکانەوە، ئەوا ئەو پۆستە دەدرێتە ئەو.

 

لە لایەکی دیکەشەوە، یەکێتی لە رێگەی حکومەتی تازەی عێراقەوە، بۆ پتەوکردنی هاوپەیمانیی نەنوسراوی خۆی لەگەڵ بزوتنەوەی نون نون، ئەمجارە لە پشکی خۆی کە پێدەچێ دوو وەزارەت بێت، وەزارەتێکیان دەداتە نون نون.

 

ئیتر ئەو سەردەمە بۆ پارتیی باوک و کوڕ کۆتایی هات کە بە تەلەفۆنێک تەحەکوم بە هاوکێشە سیاسییەکانی بەغدا بکەن. رێگری بکەن لەوەی کە وەزارەت بدرێ بە ئەم و ئەو. پارتی و پارتییەکان، باجی سەرکێشی و سەرەڕۆیی ئەو سیاسەتە چەوتانە دەدەن کە پتر لە بیست ساڵە باوک کوڕ لە قاڵبی وەهمی دومژمن داتاشین و نیشتمانپەرەوەری دەرخواردیان دەدرێ و عاقیبەتەکەشی ئەوەی ئێستایە.