plus4
berî 6 roj
عێراق.. 150 هەفتە بازاڕ بۆ کاڵاو پێداویستیی هەرزان بۆ هاووڵاتیان دروستدەکرێن
وەزارەتی بازرگانیی عێراق، دڵنیایی دایە هاووڵاتیان کە خۆراکی پێویست لەوڵاتدا هەیەو بۆ ماوەی زیاتر لەیەک ساڵ بەشی هاووڵاتیان پاشەکەوت کراوە.
محەمەد حەنوون؛ وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت: پلانێکی نوێمان هەیە بۆ دروستکردنی 150 هایپەرمارکێت یاخوود (هەفتە بازاڕ) لەتەواوی شارو ناوچەکانی عێراق.
حەنوون؛ ئاشکراشیکرد: وەزارەتەکەیان خاوەن پاشەکەوتێکی زۆری ستراتیژیی ماددە خۆراکییەکانە کە بۆ ماوەی زیاتر لەیەک ساڵ بەشی هاووڵاتیان دەكات، بەتایبەت گەنم.
جەختیشیکردەوە: وەزارەتەکەیان ماددەی نوێ لەڕێگەی هاوردەکردنەوە لەبەندەرەکانی عەقەبەو تورکیا دابیندەکات.
دەشڵێت: عێراق لەئێستادا کێشەی کەمیی ماددەی خۆراکیی نییە، سوودمەند بووە لەڕێکارە حکومییەکان و پلانەکانی وەزارەت بۆ پاراستنی کەلوپەل و پێداویستیی ستراتیژی و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر تەنگژەو ئەگەرێکی نەخوازراو.
وتیشی: لەئێستادا کار لەسەر جێبەجێکردنی 150 هایپەر مارکێت دەکرێت و لەگەڵ حکومەتە خۆجێییەکاندا هەماهەنگی دەکەین بۆ دابینکردنی زەوی، بەئامانجی دابینکردنی خۆراک بەنرخێکی گونجاو و پاڵپشتیکراو بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، بەتایبەت بۆ هاووڵاتیانی کەم داهات.





