کارەبا
Plus4
berî 5 saet

وەزارەتی کارەبای عێراق: گازی ئێران بۆ وێستگەکانی کارەبای عێراق بەتەواوی وەستا

 

 

وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند: هەناردەی گازی ئێران بۆ ناوچەکانی باشووری عێراق بەتەواوی وەستاوە.

 

لەوبارەیەوە ئەحمەد موسا؛ وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بەئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: گازی هاوردەکراوی ئێران بۆ ناوچەکانی باشووری عێراق بەتەواوی وەستاوە.

 

وتیشی: بڕی گاز بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست بۆ ئاستێکی زۆر نزم دابەزیوە کە تەنیا پێنج ملیۆن مەتر سێجایە.

 

ڕوونیشیکردەوە: وەزارەت هەوڵدەدات لەڕێگەی سووتەمەنیی ترەوە ئەو کورتهێنانە پڕبکاتەوەو کار بەو وێستگانە بکات کە بەهۆی نەبوونی گازەوە پەکیان کەوتووە.

 

ئەحمەد موسا؛ ئاشکرایکرد: دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر گازی ناوخۆیی هەبووە، بەشێوەیەک بەرهەمهێنانی گازی نیشتمانی لە 1100 ملیۆن پێ سێجاوە بۆ تەنیا 400 ملیۆن پێ سێجا دابەزیوە.

 

دەشڵێت: بەهۆی فێنکیی کەشوهەواوە، توانراوە کۆنترۆڵی بارگرانیی سەر تۆڕەکان بکرێت، تا بەرزبوونەوەی هەناردەی نەوت جارێکیتر ئاستی بەرهەمهێنانی گازی ناوخۆیی بەرزبکاتەوە.

 

ڕوونیشیکردەوە: وەزارەتی کارەباهەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی نەوت کردووە بۆ دابینکردنی سووتەمەنیی پێویست بۆ ئەو وێستگانەی لەبەغداو دیالەو پارێزگاکانی تر بەهۆی کەمیی گازەوە زیانیان بەرکەوتووە، تابتوانن بەشێوەیەکی باش پێشوازی لەوەرزی هاوین بکەن.