خوێندنگە
Plus4
berî 2 saet

ڕاگەیاندراوێک لەوەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

 

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم، ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بەدەستپێکردنەوەی دەوام لەناوەندەکانی خوێندن بڵاوکردەوە.

 

🔸 دەقی ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی پەروەردە:

 

ڕۆژی یەکشەممە 2026/3/29، دەوامی ناوەندەکانی خوێندنی حکومی، ناحکومی و نێودەوڵەتی دەستپێدەکاتەوە، بەڕەچاوکردنی ئەم خاڵانە:

 

1- هەر بەخێوکارێکی قوتابی ئەگەر نەیەوێت منداڵەکەی لەپۆلی فیزیکیی قوتابخانەدا ئامادە بێت، (نەهاتن - غیابات)ی لەسەر تۆمار ناکرێت و دەتوانێت لەقوتابخانە حکومی و ناحکومییەکانی خوێندنی سیستمی وەزارەتی پەروەردەدا، سوود لەپلاتفۆڕمەکانی خوێندنی ئەلیکترۆنی وەربگرێت (کە لەگەڵ ئەم ڕاگەیاندراوەدا ئاماژەی پێدەدرێت).

 

تەنها لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا بەگوێرەی خشتەی تاقیکردنەوەکانی قوتابخانەو وەزارەت، لەقوتابخانە ئامادەبێت، بۆ ئەمەش پێویستە بەخێوکاری قوتابی فۆرمی تایبەت لەقوتابخانە پڕبکاتەوە.

 

هەروەها مامۆستایان لە ڕێگەی گرووپی قوتابخانە یان ئەپڵیکەیشنی (ئی-هەڵسەنگاندن) ئەرکی ماڵەوە بنێرن بۆ ئەو قوتابیانەی کە خوێندنی ئەلیکترۆنییان هەڵبژاردووە.

 

2- قوتابیانی قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان ئەگەر بەخێوکارەکانیان ئامادە نەبوون منداڵەکانیان بنێرنەوە قوتابخانە، پێویستە قوتابخانە نێودەوڵەتییەکە بەڕێگەی ئۆنلاین، ئەلیکترۆنی یان هەر ڕێگەیەکی دیکە خوێندنیان بۆ فەراهەم بکات و تەنیا لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا پێویستە لەقوتابخانە ئامادە بن.

 

3- قوتابخانە بیانییەکان دەتوانن بە هەمان شێوە سوود لەخاڵی (٢) وەربگرن، یان دەتوانن بڕیار بدەن تەواوی خوێندنەکەیان بکەنە ئۆنلاین یان ئەلیکترۆنی، بەگوێرەی بڕیاری دەستەی کارگێڕیی قوتابخانەکەیان.

 

4- بە مەبەستی دڵنیایی بە قوتابیانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی و ٩ی بنەڕەتی کە تاقیکردنەوەی نیشتمانی و وەزارییان هەیە، ئاگاداریان دەکەینەوە کە وەزارەت سەبارەت بەتاقیکردنەوەکانیان ساڵنامەی خوێندنیان بۆ هەمواردەکاتەوە.

 

🔸 تێبینی لەپۆلی ١ی بنەڕەتی تا ١٢ی ئامادەیی (قوتابخانەی حکومی و ناحکومی) دەتوانن سوود لەخوێندنی ئەلیکترۆنی وەربگرن لە ڕێگەی پلاتفۆرمی (ئی-وانە) کە لە ئێستادا کارایە:

https://ewane.krd

 

🔸 لەپۆلی ١ تا ٦ی بنەڕەتی پلاتفۆرمی کارلێکارانەی دیجیتاڵیی (قوتابخانەکەم) ئێستا کارایە بۆ قوتابیانی قوتابخانە حکومییەکان:

https://qutabxanekem.krd

 

وەزارەتی پەروەردە

٢٧ی ٣ی ٢٠٢٦