Plus4
berî 1 saet
بەپەلە.. وەزارەتی پێشمەرگە شەهیدبوونی 6 پێشمەرگەو برینداربوونی 30 تری ڕاگەیاند
#ئاژانسی_هەواڵی_plus4
وەزارەتی پێشمەرگە، شەهیدو برینداربوونی 36 پێشمەرگەی راگەیاند بەهۆی ئەو هێرشە موشەکیانەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن ئێرانەوە بۆ سەر بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگە ئەنجامدراوە
🔸 دەقی ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە:
بەرەبەیانی ئەمرۆ ٢٤/٣/٢٠٢٦ لەدوو هێرشی جیاوازدا ، بارەگایەکی فیرقەی 7ی پیادەی دەڤەری 1و هێزێکی فیرقەی 5ی پیادەی هێزی پێشمەرگە لەسنووری سۆران، لەکردەوەیەکی دوژمنکارانەو بەغەدرو خیانەت و دوور لەهەموو ئاکارێکی مروڤایەتی و دراوسێیەتی، بەر هێرشی 6 مووشەکی بالیستیی ئێرانی کەوتن و لەئەنجامدا 6 پێشمەرگەی قارەمان شەهیدبوون و 30 پێشمەرگەی تریش برینداربوون.
لەکاتێکدا کە بەتووندترین شێوە ئەم هێرشەو هەموو ئەو هێرشە تـ.ـیرۆریستییانەی تر کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەین، دووپاتیدەکەینەوە کە ئێمە هەموو مافێکمان هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژیەک کە دەکرێتە سەر گەل و خاکەکەمان.
بەهیچ جورێک چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەکرد بەم جۆرە نامەردانە، وەڵامی هەڵوێستی ئاشتیخوازانەی هەرێمی کوردستان بدرێتەوە، بەڵام تەمەنی غەدرو ستەم کورتەو ئیرادەی ئاشتیخوازی سەردەکەوێت.
وێڕای پرسەو سەرەخۆشیمان بۆ بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدەکانمان، هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکانمان دەخوازین.
جارێکیتریش داوا لەهەموو لایەک دەکەین شەڕو ئاژاوە لەهەرێمی کوردستان بەدوور بگرن و داواش لەحکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەموو دۆستانمان دەکەین بەرانبەر ئەم پێشێلکاریانە بێدەنگ نەبن و سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییە بێباکانە دابنرێت.
وەزارەتی پێشمەرگە
24/3/2026




