plus4
berî 2 saet
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم سەبارەت بەپرسی مووچە کۆدەبێتەوە
بڕیارە نیوڕۆی ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامبدات.
بەپێی کارنامەکەی، کۆبوونەوەکە سێ تەوەری سەرەکی لەخۆ دەگرێت، تەوەرەکانیش بریتین لە: پرسی مووچەو یەکخستنەوەی هیزکانی پێشمەرگەو درێژکردنەوەی لێخۆشبوونی ڕێژەی 20٪ لەسزاکانی سەرپێچی هاتووچۆ.
لەبڕگەی یەکەمی کارنامەی کۆبوونەوەکەدا، بەدواداچوون بۆ دوا پێشهاتەکانی دارایی هەرێم و پرسی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران دەکات.
هاوکات ئەنجامی کۆبوونەوەکانی تیمی هاوبەشی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێم لەبارەی پابەندییە داراییەکانی نێوان هەردوولا دەخرێنەڕوو.
لەتەوەری دووەمی کۆبوونەوەکە، وەزیری پێشمەرگە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی چاکسازییەکانی نێو وەزارەت و پڕۆسەی ڕێکخستنەوەی سەرجەم هێزەکان لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە دەخاتەڕوو، کە ئامانج لێی دیاریکردنی وردی تایبەتمەندیی و ئەرک و دەسەڵاتەکانی ئەو هێزانەیە.




