الاطار
plus4
berî 2 saet

چوارچێوەی هەماهەنگی داوا لەیەکێتی و پارتی دەكات پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلایی بكەنەوە

 

کەمێک بەر لەئێستا، چوارچێوەی هەماهەنگی 263هەمین کۆبوونەوەی خۆی لەنووسینگەی هومام حەمودی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق ئەنجامدا.

کۆبوونەوەکە بۆ باسكردن بوو لەدوایین پێشهاتە ناوخۆییەکان و ناوچەکە.

بەپێی بەیاننامەی چوارچێوەی هەماهەنگی، سەرکردەکانی چوارچێوەکە جەختیان لەپابەندبوونی عێراق بەبڕیارە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەتی بڕیارنامەی 833و پەرۆشی بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ وڵاتانی جیهان و بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ کردەووەتەوە.

لەبەیاننامەکە هاوكات پێداگرییان لەسەر مافی عێراق کردەوە بۆ دەستەبەرکردنی شایستە نیشتمانییەکانی و مافەکانی گەلی عێراق، بەتایبەت دانانی نەخشەی سنووری دەریایی لای نەتەوە یەکگرتووەکان.

لەکۆبوونەوەکەدا، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، پابەندبوونی خۆیان بۆ یەکڕیزی و یەکگرتوویی چوارچێوەکه دووپاتکردەوە، هاوشانی بەردەوامبوون لەڕێزگرتن لەو متمانەيەى کە دەنگدەران لەهەڵبژاردنەکاندا پێیبەخشیون.

بەپێی ئەو بەیاننامەیە، چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لەیەکێتی و پارتی کرد، پەلەبکەن لەیەكلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتیی كۆمار.

کۆبوونەوەی چواچێوەی هەماهەنگی تەواو بوو بێ ئەوەی باسی مالیکی بکەن

ئەوەی مایەی سەرنج بوو، لەکۆبوونەوەکەدا هیچ قسەیەک لەبارەی کاندیدبوونی نوری مالیکییەوە نەکرا.