plus4
berî 1 roj
حەمەی حەمەسەعید؛ پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم کورد زووبانان دەکات
حەمەی حەمەسەعید؛ وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکییەوە، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم کوردزووبانان دەکات.
دەقی پەیامەکەی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان:
بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، پیرۆزبایی لە ئاخێوەرانی تەواوی زمانەکانی جیهان بە گشتیی و زمانە دێرین و ڕەسەنەکان لە کوردستان بە تایبەت دەکەین.
ڕۆژی ٢١ ی شوبات، ڕۆژی ئاوڕدانەوە و بایەخدانی هەمەلایەنەیە بە فەرهەنگ، مێژوو، پاراستنی کولتوور و ڕەسەنایەتی زمانی دایک. لەم یادەدا خوازیارین هیچ زمانێکی دایکی، نەبێتە قوربانی فەرامۆشکردن و لەناوچوون.
منداڵانی سەرجەم نەتەوە و پێکهاتە و دیالێکتەکان مافی ڕەوای خۆیانە بە زمانی دایک، پەروەردە و گۆش بکرێن.
لەماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێمە لەوەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان هەوڵمانداوە زەمینەی پاراستن و گەشەپێدان بۆ زمانی دایک لە کۆمەڵگەی کوردستانی فەراهەم بکەین.
بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکانی ڕۆشنبیری و هونەری سریان و تورکمان چالاکانە کاردەکەن.
هەورامی (گۆران)، یەکێکە لەو زمانە دێرینانەی لە مێژوودا، زمانی باڵای ئەدەب و نووسین بووە، گەنجینەیەکی گەورەی ئەدەبی بەو زمانە وەک میراتی ڕۆشنبیری لە بەردەستماندایە.
بەڵام بەداخەوە بە گوێرەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئەو زمانە دێرینەی سەر زەمینی کوردستان لەبەردەم هەڕەشەدایە.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکان، ئێمە لە وەزارەت پڕۆژەی خوێندنی تەنیا یەک وانەمان لەپۆلە بنەڕەتییەکانی کەرتی پەروەردەدا پێشکەش بەوەزارەتی پەروەردە کردووە.
سەرەڕای کۆششەکانمان و تاوتوێکردنی ئەو پرسە لە ئەنجوومەنی وەزیران و پشتگیری جەنابی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری سەرۆکی ئەنجومەن.
بەڵام تا ئێستا ئەو پڕۆژەیە لە کەرتی پەروەردەدا جێبەجێ نەکراوە، بەو پێیەی خوێندن بە زمانی دایک، هیچ مەترسییەک لەسەر ئاسایشی زمان لەکۆمەڵگەی کوردستان دروست ناکات و بگرە خزمەتێکی گەورە بەکاروانی ڕۆشنبیری و میراتی کولتووریمان دەکات.
بۆیە چاوەڕوانین بەڕێز وەزیری پەروەردە لەم کابینەدا ئەو پڕۆژە بخاتە واری جێبەجێ کردنەوە.
لەڕۆژی جیهانی زمانی دایک، ئێمە ئەم بۆنە جیهانییە بەدەرفەت دەزانین، بۆ ئەوەی دووپاتی بکەینەوە، هەموو منداڵێکی کۆمەڵگەی کوردستان مافی ڕەوا و بنەڕەتی خۆیەتی بەزمانی دایک بخرێتە بەر خوێندن، ڕێز لە کەسایەتی و مۆرکە کولتوورییەکانی بگیرێت، بە زمانی دایکی پەروەردە و گۆش بکرێت؛ بۆ ئەوەی لە داهاتوودا خاوەن کەسایەتییەکی بەهێز بێت و بتوانێت بە ناسنامە کولتوورییە دێرینەکەیەوە بیر بکاتەوە.
داواکاریشین لەڕاگەیاندنی کوردی، دامودەزگا بڵاوکەرەوەو چاپەمەنییەکان و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە گرنگییەوە کار بۆ پاراستنی زمان بکەن، ڕێگە بە خۆیان نەدەن ببنە بەشێک یان ئامرازێک بۆ شێواندن و پەراوێزخستنی زمانی دایک.
حەمەی حەمەسەعید
وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان
٢٠٢٦/٢/٢٠





