plus4
berî 2 saet
گۆڕینی مالیکی مەحاڵەو هەرگیز ئەوە ڕوونادات
هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بەشێوەیەکی فەرمی کۆتایی بەو دەنگۆیانە هێنا، کە باس لەکشاندنەوەی نوری مالیکی دەکەن وەک کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق.
هاوپەیمانییەکەی مالیکی دەڵێت: گۆڕینی ناوبراو مەحاڵەو هەرگیز ئەوە ڕوونادات.
لەوبارەیەوە جاسم محەمەد جەعفەر؛ سەرکردەی دیاری دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند: دەستبەرداربوون لەمالیکی تەنها بەبڕیارێکی تایبەتی چوارچێوەی هەماهەنگی دەبێت.
دەشڵێت: ئەویش بەمەرجێک 80٪ی سەرکردەکانی چوارچێوە لەسەر کاندیدێکی جێگرەوە کۆدەنگ بن، مەرجێک کە بەدیفاکتۆ گۆڕینی مالیکی دەکاتە ئاستەم.
داوا لەهاوپەیمانە شیعەکان دەکات، خاوەنی بڕیاری بوێرانە بن و دۆسیەی کاندیدکردنی مالیکی یەکلاییبکەنەوە.
ناوبراو هۆشداریشیدا لەوەی، نابێت چوارچێوەی هەماهەنگی دوودڵ بێت یا پاساوی پێکهاتەکانی ترو لایەنە دەرەکییەکان بکاتە بیانوو بۆ دواخستنی بڕیارەکە.
هیشام ڕوکابی؛ ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی نوری مالیکی، هەڵمەتێکی میدیایی بەچەواشەکارانە ناوزەندکرد، کەئەویش بانگەشەی کشاندنەوەی مالیکی دەکەن.
ڕوکابی دەڵێت: ئەو هەواڵانەی باس جێگرەوەی مالیکی دەکەن، دوورن لەڕاستییەوەو چوارچێوەی هەماهەنگی پابەندە بەهەڵوێستە سیاسییە چەسپاوەکانی خۆیەوە.




