مالکی
plus4
berî 1 saet

هەرگیز نوری مالیکی ناکشێتەوەو بەهاتوهەرای میدیاش ناشڵەژێت

 

عەقیل فەتلاوی؛ وتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند: مەحاڵە نوری مالیكی لەكاندیدبوون پاشەکشە بكات، چوونكە نایەوێت خۆی لەبەردەم جەماوەرەكەی و خەڵكی عێراقیش شەرمەزاربكات.

وتیشی: گەر چوارچێوەی هەماهەنگی لەژێر كاریگەری هەندێك لایەن دەیەوێت نوری مالیكی بكێشێنێتەوە، ئەوە بابەتێكی ترە.

فەتلاوی، لەدیدارێکی تەلەفزیۆنیدا وتی: هۆکاری تایبەت لەپشت ئامادەنەبوونی مالیکی بووە لەکۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی، چاوەوانی گەڕانەوەی باڵیۆزی عێراق دەكەن لەواشنتۆن.

ڕوونیشیکردەوە: ئەوەی ئێستا لەنێو لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا دەگوزەرێت، بریتییە لەئارامگرتن، بابەتەکە پەیوەندی بەخوودی مالیکیەوە نییە، بۆیە هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی سەرکردەکان دوودڵ بن.

جەختیشیکردەوە: گەر چوارچێوەکە بەنیازبووایە کاندیدکردنی مالیکی بکێشێنێتەوە، ئەوا ئەو بابەتەیان لەگەڵدا تاوتوێدەکرد، بەڵام هێشتا پابەندن بەکاندیدکردنی مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران.

فەتلاوی؛ ئەوەی ڕەتكردەوە کە هیچ لیستێكی سەپاندنی سزا هەبێت بەسەر عێراقداو وتی: باڵیۆزی عێراق لەئەمریکا دەگەڕێتەوە، گەر پەیامێک لەواشنتۆنەوە پێبێت، ئەوە بۆ سەرکردە سیاسییەکان و حکومەت ڕووندەبێتەوە.

ناوبراو ڕوونیکردەوە: مالیکی کەسێک نییە بەهاتوهەرای میدیایی بشڵەژێت، ئەو هێشتا خۆڕاگرو پێداگرە لەسەر خۆکاندیدکردن.