هەڕەشە
plus4
berî 2 saet

گەر مالیکی کاندیدبێت و گرووپەکان بەشداری حکومەت بن ئەمریکا سزای قورسی عێراقدا دەدات

 

هۆشیار زێباری؛ ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی، ئاشکرایکرد: ئەمریکا هەڕەشەی بڕینی دۆلارو سزادانی بانکی ناوەندیی لاعێراق کردووە.

ئاشکراشیکرد: بەوەفدی چوارچێوەی هەماهەنگییان ڕاگەیاندووە کە کێشەی ئەوان گەورەترە، ئەویش کاندیدکردنی مالیکییە لەژێر ڕۆشنایی ڕەتکردنەوەی ئەمریکادا، کە هەڵوێستێکی زۆر ڕوونە، بەڵام وەفدەکە وایان باسکرد کە کێشەکە سادەیە.

جەختیشیکردەوە کە ئەمریکییەکان بە مالیکییان ڕاگەیاندووە: هەڵوێستیان ڕوونەو ئەمە دوژمنایەتی نییە بۆ ئەو، بەڵکو ئەوان حکومەتێکیان دەوێت کە دووربێت لەهەژموونی ئێران.

ڕوونیشیکردەوە: ئەمریکییەکان بەڕوونی وتوویانە مامەڵە لەگەڵ هیچ حکومەتێکدا ناکەن کە ناوی کەسانی سەر بەگرووپە چەکدارەکانی تێدابێت، یا ئەو کەسانەی سزای خەزێنەی ئەمریکایان لەسەرە.

زێباری دەڵێت: ئەمریکا هۆشدارییەکی تووندی بەعێراق داوە کە پەیوەستە بەپێکهێنانی حکومەتی داهاتوو، بەشداریی گرووپە چەکدارەکان لەحکومەتەکە.

دەشڵێت: واشنتۆن پەیامێکی ڕوونی ناردووە کەتێیدا دەڵێت: گەر گرووپە چەکدارەکان بەشداریی حکومەتی نوێی عێراق بکەن، ئەمریکا سزای تووند بەسەر بانکی ناوەندیی عێراقدا دەسەپێنێت.

ڕوونیشیکردەوە: ئەم سزایانە تەنها بانکی ناوەندی ناگرنەوە، بەڵکو دەبنە هۆی دروستکردنی کێشەی گەورە بۆ پرۆسەی گەڕانەوەی دۆلار یاخوود ناردنی دۆلاری نەقدی بۆ عێراق، ئەمەش مەترسی ڕاستەوخۆ لەسەر بەهای دینارو سەقامگیریی ئابووریی وڵاتەکە دروستدەکات.

لەئێستاشدا دەنگۆی پاشەکشەکردنی نوری مالیکی لەکاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق هەیە کە ئاماژەیە بۆ بوونی فشار لەسەر لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی.